Rewa Mahmood Hasan
14 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2020
سلێمانی - AA
لەچوارچێوەی بڕیاری قەدغە کردنی هاتوچۆ لە پارێزگاکاندا کەبەمەبەستی رێگری کردن لە تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گیراوەتە بەر، سەرجەم دووکان و بازاڕەکانی شاری سلێمانی داخراون و هاتوچۆ و هاتنە دەرەوەی هاووڵاتیان بەهەموو شێوەیەک وەستاوە.
بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە سەعات ١٢:٠٠ی شەوی رابردووەوە کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە و بۆ ماوەی ٤٨ كاتژمێره، لەکاتی پێویستدا ئەگەری هەیە بڕیارەکە درێژ بکرێتەوە.
لە ئێستادا تەواوی شەقامەکانی شاری سلێمانی چۆڵییەکی زۆری پێوە دیارە و تەنیا رۆژنامەنووسان، هێزە ئەمنیەکان و پۆلیسی هاتۆچۆ و هێزەکانی فریاکەوتن لە شەقامەکاندا جموجۆڵیان بەدی دەکرێت.
ناوبەناو لە زۆرێک لە سەری گەڕەک و سەر شەقامەکاندا مەفرەزە تایبەتەکانی هێزە ئەمنیەکان ئەو ئۆتۆمبێلانە رادەگرن کە هاتوونەتە دەر، ئەگەر لەو کەسانەی کە رێگەپێدراون بەدەر بن ئەوا مۆڵەتی شۆفێرییەکانیان لێوەردەگیرێت.
ئەوەی دەبینرێت لەهەندێک شوێندا هێزە ئەمنیەکان رێوشوێنی توند دەگرنە بەر و لێپێچینەوەی توند دەکەن تاکو هاووڵاتیان لەماڵەکانیان نەیەنە دەر.
لای خۆیەوە قائیمقامی سلێمانی ئاوات محەمەد لە راگەیەندراوێکدا دەستخۆشی لە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی دەکات کە بەدەم داواکانیانەوە هاتوون و لەماڵەکانیاندا نایەنە دەر.
ئەمە لەکاتێدایە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی هەر جۆرە قەیرانێک، هەندێک لە نانەواخانەکان و سەمونخانەکان بە کراوەیی ماونەتەوە و هاووڵاتیان بە دیلیڤەری دەتوانن داوای نان و خۆراک و پێداویستی رۆژانە بکەن لەکاتی نەمانیدا لەماڵەکانیاندا.