کۆڤید- ١٩

تۆمارکردنی پێنج حاڵەتی تووشبوون بە ئۆمیکرۆن لە هەرێمی کوردستان راگەیەندرا

- گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئاسۆ حەوێزی: "پێنج حاڵەتی تووشبوون بە ئۆمیکرۆن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا کە دانیشتووی دهۆک-ن و کەسانی یەک خێزانن، دوو کەسیان لە یەکێک لە وڵاتە عەرەبییەکان گەڕاونەتەوە".

Hawkar Yaseen  | 06.01.2022 - نوێکردنەوە : 07.01.2022
تۆمارکردنی پێنج حاڵەتی تووشبوون بە ئۆمیکرۆن لە هەرێمی کوردستان راگەیەندرا

Arbil

هەولێر AA

پێنج حاڵەتی تووشبوون بە گۆڕاوی ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا کە کەسانی یەک خێزانن.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئاسۆ حەویزی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "ئەو پێنج کەسەی تووشبوون، دوو کەسیان گومان دەکرا لە دەرەوەی وڵات تووشبووبن کە لە یەکێک لە وڵاتە عەرەبییەکان گەڕاونەتەوە، هەوکردنی سییەکان و هەندێک نیشانەی دیکەیان هەبوو، پاش ئەوەی کە سەلمێندرا کە تێستەکەیان پۆزەتیڤ بوو بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەبەر ئەوەی هەندێک پشکنینی تاقیگەیی پێشکەوتووی دەوێت، دەرکەوت کە هەڵگری جۆری گۆڕاوی ئۆمیکرۆنن، ئەو کەسانەش لەگەڵ خێزان و کەسوکاریان تێکەڵ بوونەتەوە و سێ کەسی دیکەش لە خیزانەکەیاندا هەن پاش پشکنین دەرکەوت ئەوانیش بەهەمان شێوە تووشبوون".

ئاسۆ حەویزی گوتی: "لە عێراقیش حاڵەتی تۆمارکراوی ئۆمیکرۆن هەیە و ئەوانیش رایدەگەیەنن و ژمارەی تووشبووەکانیش دیاری دەکەن".

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەربارەی دۆخی تەندروستی ئەو تووشبووە تۆمارکراوانە رایگەیاند "خۆشبەختانە ئەم تووشبووانە باری تەندروستییان جێگیرە و پێویستیان بە داخڵکردن نەبووە لە نەخۆشخانە و لەماڵی خۆیاندان، تەنیا ئەوەندەیە لەژێر چاودێری پزیشکییدان".

ئاسۆ حەویزی دەربارەی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو حاڵەتە تۆمارکراوانەدا و مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێستا دەتوانین بڵێین گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوەی کە روونیشە لەسەر گۆڕاوی ئۆمیکرۆن راستە ڤایرۆسی کۆرۆنایە و گۆراوە تا ئێستا جگە لەوەی خێراترە لە بڵاوبوونەوەدا، سێ هێندە و چوارهێندە خێراتر بڵاودەبێتەوە، هیچ بەرچاوڕوونییەکی دیکە تەنانەت بۆ رێکخراوی تەندروستیی جیهانییش نییە کە ئایا کاریگەری خراپترە لە جۆرە گۆڕاوەکانی پێشتر یان کوشندەترە، تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، تووشبووەکانیشی هەمان نیشانەی جۆرەکانی دیکەی کۆرۆنایان هەیە، دەزگا تەندروستییە جیهانییەکان هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی خێرایی بڵاوبوونەوەی زیاترە، بەڵام ئاماژە بە هیچ شتێکی دیکە نەکراوە کە کوشندەتربێت یان تووشبووەکانی زیاتر داخڵ بە بەشی چاودێری چڕبن".

گوتیشی: "ڤاکسین بەشێوەیەکی گشتی کاریگەریی لەسەر هەموو جۆرە گۆڕاوەکانی کۆرۆنا هەیە بەم گۆڕاوەشەوە کە بە ئۆمیکرۆن ناسراوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın