Salim Xemexan
03 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2017
غەفور حاجی عەلی، جوتیارێکی نموونەییە لەھەڵەبجە، ئەو کە ساڵانە ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ دۆنم زەوی بەدانەوێڵە دەچێنێت، لەسەر زەوییەکانی چاودێری کارکردنی دەراسەکانی دەکرد بۆدروێنەی گەنمەکەی، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ قسەی کرد و گوتی: " لە ٣٠/٥ەوە دروێنەی گەنممان دەست پیکردووە، بەبڕوای من، ئەمساڵ بەھۆی دواکەتنی پەڵە و باران بارینەوە گەنم یەک بەھەشت تا یەک بەدوانزە دەبڕێت، لەکاتێکدا ئەگەر ساڵ تەڕبێت و لەکاتی خۆیدا باران ببارێت و زەویەکانیشمان وەرد بێت دەگاتە یەک بە شانزە و ھەژدە و زیاتر".
ساڵانە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی ھەڵەبجەدا، ٧٠ ھەزار دۆنم زەوی بە دانەوێڵەی جیاواز دەچێنرێت و ٣٠ بۆ ٣٥ ھەزار تۆن دانەوێڵە بەرھەم دەھێنرێت، بەڵام وەک بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە بەوەکالەت ستار مەحمود بۆئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "ساڵ بەساڵ بەھۆکاری جیاواز، رێژەی بەرھەمی دانەوێڵە گۆڕانی بەسەردا دێت و ئەمساڵیش بەھۆی کەمبوونی رێژەی باران بارین و مێرووی سن و کیسەڵەوە، پێشبینی دەکەین رێژەی بەرھەمی گەنم لەناوچەکەماندا کەم بکات".
جوتیارە نموونەییەکە دەربارەی بوونی سن و کیسەڵە کاریگەرییەکەی لەسەر گەنمی ئەمساڵ گوتی: "ھەرچەندە سێ جاریش بەرهەمەکەمان رشاندووە، بەڵام ھێشتا کاریگەری سن بەبەشێکی گەنمەکەمانەوە دیارە و بەدڵی خۆمان نییە، ئەوەش لەبەر ئەوەی بەشێوەیەکی گشتگیر قەڵاچۆ نەکراوە و حکوومەت ھاوکار نەبووە بۆلەناوبردنی سنەکە، لەبەرئەوە بووەتە ھۆی بێ پیتبوونی بەشێکی گەنمەکە و ئەوەش وادەکات ئەو گەنمە نەک لەسایلۆدا وەرناگیرێت، بەڵکو لەبازاڕیشدا کیلۆی ١٥٠ دینار ناکات".
لەو رووەوە بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە گوتی: "ئەمساڵ مێرووی سن زیانی لە بەرھەمی دانەوێڵەی جوتیاران داوە، ھەرچەندە ئێمە ١٢٠٠ کیلۆ سنمان لەڕێی کڕینەوەی لە ھاووڵاتیان کۆکردەوە، بەڵام ئەو رێژەیە بەس نەبوو بۆئەوەی کاریگەرییەکەی زۆر کەم بکەینەوە، بۆیە داوای دابینکردنی دەرمانمان کرد بۆرشتنی و لەناوبردنی لە ناوچەکەدا، بەڵام بەداخەوە درەنگ ئەو پارەیە دابینکرا و بەھۆی دواکەوتنییەوە نەتوانرا دەرمان و ئامێرەکانی رشتنی دەرمان لەکاتی خۆیدا بۆ ئێمە دابین بکرێت بۆیە نەمانتوانی ھاوکاری جوتیاران بین، بەڵام ئەو پارەیەی بۆ ئەو مەبەستە دابین کراوە کە بڕی ٨٠ ملیۆن دینارە بۆ کڕینی پێنج ھەزار لیتر دەرمان و ٤٩ ملیۆن دیناری تر بۆ کڕینی ئامێری رشتنی دەرمان دراوەتە کۆمپانیای تایبەتمەند بۆ دابینکردنی و دەتوانین لەساڵی داھاتوودا بۆ خزمەتی جوتیاران بەکاری بھێنین".
سەبارەت بە وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵیشیان، غەفور حاجی عەلی گوتی: "دەبوایە لە ١/٦ەوە سایلۆ کراوە بوایە و ئێمەش گەنممان رادەست بکردبایە، بەڵام ئەمساڵ تائێستا ھیچ بەرچاو روونییەکمان نییە، ئەوەی ئێستا دروێنە دەکەین و ماوەی چەند رۆژێکە بەردەوامین نازانین بۆکوێی بەرین، کەس بەرهەمەکانمان لێ وەرناگرێت و تا ئەم ساتەش ھیچ بڕیارێک لەئارا نییە بۆ کردنەوەی سایلۆکان و وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا ساڵانی رابردوو لەگەڵ کردنەوەی دەرگای سایلۆکان لە یەکەم رۆژدا چەند ئۆتۆمبێلێک گەنمم بردووەتە سایلۆ و بەناوی خۆمەوە تۆمار کراوە، بەداخەوە ئەمساڵ تائێستا ھیچ ئاسۆیەکی روون نییە، ئومێدەوارین بڕیاری کردنەوەی سایلۆکان بدرێت و رێژەیەکی باشی گەنمیش لە جوتیاران وەربگیرێت، چونکە ئەو رێژەیەی بۆھەموو ھەرێمی کوردستان دانراوە، ھێندەی رێژەی تەنھا پارێزگایەکی دیکەی عێراقە".
دەربارەی پارەی گەنمی ساڵانی رابردووشیان، ئەو جوتیارە نموونەییەی ھەڵەبجە گوتی: "بەشێک لەپارەی ٢٠١٤ی گەنمی جوتیاران و پارەی ٢٠١٥ مان لای حکوومەت ماوە، پارەی ٢٠١٦ ش لە بەغدا بۆئەو جوتیارانەی سەربە حکوومەتی عێراقین ٧٧%ی پارەی گەنمەکانیان دراوە، بەڵام ئەو جوتیارانەی لە ھەرێمی کوردستانن ٣٨.٥%ی پارەی گەنمەکانیان پێدراوە و لەوەشدا جیا کراوینەتەوە، بۆیە پارەی سێ ساڵی گەنمی جوتیارانی ھەرێم لای حکوومەتی عێراقیە و ھێشتا نەدراوە، دەتوانم بڵێم جوتیارانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە نزیکەی ٢٠ ملیار دینار پارەی ھەرسێ ساڵی رابردووی گەنمیان لای حکوومەت ماوە".