Rawan Subhi Obaiullah
05 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2024
دهۆك - AA
هەموو ساڵێک لە سەرەتاى کانوونی دووەم، ئێزدییەکان لە هەموو ناوچە جیاوازەکانەوە کۆدەبنەوە و بەرەو لالش بەڕێدەکەون، لە باخچەی زەیتوونەکانی لالش، دەست بە ڕنینی زەیتوون دەکەن.
مەڕوان حسێن یەکێک لەو کەسانەی کە بەشداری ڕێورەسمەکە كردووه بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ھەموو ساڵێک لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەم، دهست به ڕنینی زەیتوون دەکەین لە پەرستگای لالش و، سهدان ژن و پیاو بەشداری تێدا دهكهن، ئەم زەیتوونە لە كۆگاكانی لالش هەڵدەگیرێت و لە نیسانی هەموو ساڵێك لە ڕێوڕەسمێكدا كە پێی دەڵێن خلمەتی مەحسەر، زەیتوونەكە دەردەهێنن و دەیگوشن و زەیتی زەیتوونی لێ دروست دەکەن، ئەو زەیتە لە تەواوی ساڵەكەدا بۆ رووناككردنەوەی چراكانی نێو پەرستگاكە بەكاردەهێنرێت.
ھەموو ئێوارەیەک لە پەرستگای لالش ٣٦٦ چرا دادەگیرسێنن وەک ڕامانێک بۆ ڕووناکی و پیرۆزیی ئاگر، ھەر بۆیە پێویستە زەیتی زەیتوون بۆ فتیلی چراکان بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی ڕووناکی زیاتر و پیرۆزیی زۆرتر بە پەرستگای لالش ببەخشێت.
خەلیل بیبو خودێدا، وەک ئێزدییەک لە پرۆسەکەدا بەشدارە و، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی"ئەگەر نەخۆش نەكەوم، ساڵانە من لە باخچەی زەیتوونەکانی لالش، بەشداری لە ڕێورەسمی ڕنینی زەیتون دەكەم، دەمەوێت لەم خێرە بێبەش نەبم، هەموو کەسێک دەتوانێت لە ڕێوڕەسمەکە بەشدار بێت، ئەم كارەی ئێمە دەیكەین نابێتە منەت، بەڵكو خلمەتێكە (خزمەت) پێشكەشی دەكەین".
پهرستگای لالش گرنگترین شوێنی پیرۆزی ئێزدییهكانه و دهكهوێته ناوچهیهكی شاخاوی له قهزای شێخان به دووری ٦٠ كم له باكووری خۆرههڵاتی شاری مووسڵ و تەواوی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی ئێزدی لێ ساز دەکرێت.