Heman Hussein Yaseen
24 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2020
هەولێر - AA
بە مەبەستی بە بازاڕکردن و نمایشکردنی کاری دەستی دوای پێنج ساڵ، بۆ دووەمین جار پێشانگایەکی کاری دەستی کرایەوە کە لەلایەن ئافرەتانی بەندکراو لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵانی سەربە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دروستکراوە.
پێشانگایەکە لە دروستکردنی تابلۆ و جوانکاری ئافرەتان پێکدێت، نرخەکانیان بەشێوەیەکی گشتی مامناوەندە و گرانترین کاری دەستیش بریتییە لە تابلۆی سەرکردەکانی کورد کە نرخی هەر تابلۆیەک ٢٠٠ هەزار دینار بوو.
بەڕێوەبەری چاکسازی ژن و منداڵان لە هەولێر، تەیب عەبدولعەزیز محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ماوەی پێنج ساڵ، ئەمە دووەم پێشانگایە دەکرێتەوە کە پێشتر بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەمانتوانی پێشانگا بکەینەوە، چونکە شوێنەکەمان بچووکە و رێژەی زۆری سزادرا و راگیراوانیش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی نەتوانین پێشانگای دیکە بکەینەوە".
تەیب عەبدولعەزیز گوتیشی: "ئەو کەلوپەلانەی بەکارهاتوون لە رێگای رێکخراوەکانەوە دابینکراون، رێکخراوەکان هاوکارن و رێژەی داهاتەش سەدا سەد بۆ سزادراوەکانە و لەم پێشانگایەشدا کاری هەشت سزادراو نمایشکراوە".
لەبارەی ژمارەی سزادراوان لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵان، تەیب عەبدولعەزیز گوتی: "بە گشتی ٢٧٥ سزادراو و ٤٢ منداڵ هەیە، ئەو منداڵانەی لەگەڵ دایکیان راگیراون".
لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵان لە هەولێر، شوێنکاری ئاسنگەری، کاری دەستی، دارتاشی و درومان هەیە کە سزادراوان لەم شوێنکارانە دەتوانن خولی فێرکاری ببینن.
