Hamit Hüseyin
14 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 16 مای,س 2017
هەولێر-AA
لە ناوچەی سیوەرکی سەربە شاری ئورفا، پەیکەری ھونەرمەند شڤان پەروەر شکێنرا.
بەرپرسی دەزگای ھونەری و رۆشنبیری شڤان پەروەر، حەجی ئەحمەد شرنەخی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شڤان پەروەر تا ئێستا ئاگاداری ئەو بابەتە نییە و ھەموو کورد دەزانن کە شڤان پەروەر دەنگی ئازادی و مرۆڤایەتییە و ھەڵگری پەیامی ئاشتییە لە ھەموو جیھان و بە تایبەتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەو ھونەرمەندە ھەموو ژیانی خۆی بۆ ھونەر تەرخانکردوە و ئەوەی ئێستا روویداوە کەس خۆشحال ناکات و لەو رەوشەی ئێستاش کاتی ئەوە نییە. ھەروەھا ئەو ھێرشەی کراوە سەر پەیکەری شڤان پەروەر ھێرشكردنە بۆسەر ھونەر و کولتووری کوردی".
بەرپرسی دەزگای ھونەری و رۆشنبیری شڤان پەروەر گوتی: "تا ئێستا نەزانراوە ئەو کەسانەی کە ھێرشیان کردووە سەر پەیکەری شڤان کێن و چیان دەوێت و سەربە چ لایەنێکن، بەڵام با ئەوان بزانن کە نەتەوەی کورد بەو کارە خراپە ھیچ خۆشحال نابێت و ھەر کەسێک بێت ئەوا ئاشتی و پێکەوەژیان تێکدەدات و خزمەت بە کەس ناکات".
حەجی ئەحمەد شرنەخی سەبارەت بە نۆێکردنەوە ئەو پەیکەرە گوتی: "ئێمە ئیدانەی ئەم کارە دەکەین و بە سوپاسەوە بەرپرسانی شارەوانی ناوچەکە بەلێنیان داوە دووبارە چاکی بکەنەوە و لەو باوەڕەم کە دەبێت پەیکەری شڤان پەروەر لە ھەموو شوێنک ھەبێت و ئەو زیاتر لە ٤٠ ساڵە خزمەت بە ئاشتی دەکات و ھیوادارم ئەم جۆرە کارانە جارێکی دیکە و لەسەر ھیچ ھونەرمەندێکی دیکە روونەدات".
لە کۆتاییدا حەجی ئەحمەد شرنەخی گوتی: "ھەر کەسێک کە رێگە و ئامانجی ھەبێت بەربەستی بۆ دێتە پێش، بەڵام شڤان پەروەر لە پەیکەرەک گەورەترە و با کورد رێز لە ھونەری خۆی بگرێت و ئەگەر سەردانی ھەر وڵاتێک بکەیت یەکەمجار چاوی تۆ بە ھونەری ئەو وڵاتەیە با ئێمەش رێز لە ھونەری کوردی بگرين".
پەیکەری شڤان پەروەر لە ساڵی ٢٠٠٩ لە لایەن شارەوانی ناوچەکە دانرابوو، شەوی چوارشەممە ١٠-٥-٢٠١٧ لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە پەیکەرەکە شکێنرا و رووخساری پەیکەرەکەش شێوێنرا. لە دەستی پەیکەرەکەشدا کە ئامێری ساز ھەبوو بە تەواوی شکێنرا.
شڤان پەروەر ساڵی ١٩٥٥ لە گوندێکی ناوچەی سیوەرکی سەربە شاری ئورفا لە دایک بووە. ئەو ئێستا تەمەنی ٦١ ساڵە و دوور لە زێدی خۆی لە ئەڵمانیا و لە ھەرێمی کوردستان ژیان بەسەر دەبات.