hemn husain
10 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2016
لە سەنتەری هاوبەشی هەماهەنگی هاوپەیمانان لە شاری هەولێر، بەسەرپەرشتی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان، دوو لیوای هێزی پێشمەرگە دەستیان بە مەشقێكی 10 هەفتەیی كرد، ئەو دوو لیوایەی دەستیان بە مەشق كرد كۆنترین دوو لیوای وەزارەتی پێشمەرگەن كە یەكیان گرتووەتەوە و لە سنووری پارێزگای كەركووك جێگیر دەكرێن.
ئەو دوو لیوایە بۆ مەشقكردن بەسەر چەند ناوچەیەكی كوردستان دابەش بوون، هەندێكیان لە هەولێر و هەندێكیان لە دهۆك لەلایەن هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان مەشقی سەربازییان پێدەكرێت.
جۆری چەكەكانی ئەڵمانیا بریتین لە میلان و فانچە فاوسی دژە تانك كە توانای بڕین و چوونە ژوورەوەی 70 سانتیمەتری هەیە لە تانك و ئۆتۆمبێلی گولـلە نەبڕ. چەكەكانی ئەمریكاش بریتین لە ئێم 16 و ئێم 6ی قورس و هاوەنی 60 مللم و هاوەنی 80 مللم و جۆرەكانی دۆشكە.
ئەم مەشقە بە چەند قۆناغێكدا تێدەپەڕێت، كە قۆناغی یەكەم بریتییە لە فێركردن و راهێنانییان لەسەر چۆنیەتی كردنەوە و بەستانەوەی پارچەی چەكەكان و دواتریش راهێنان لەسەر سنگ رۆیشتن بەرەو پێشەوە و دواتر چەند جۆر چەكێك بە كراوەیی تێكەڵ بە یەكتر دەكرێن و پێشمەرگەكان لەسەر ئەوە رادەهێنن كە چۆن پارچەكانی چەكی ئێم 16بناسنەوە.
دوای ئەوە گۆڕەپانێكی دیكە ئامادەكراوە كە راهێنەران، پێشمەرگەكان فێری چۆنیەتی تەقەكردن لە تانك دەكەن و لەبارەی چۆنیەتی تەقەكردن لەو تانكەی لە رێگادا دەڕۆن لە رووی ئاراستە و خێرایی رۆیشتنی تانكەكان و چۆنیەتی تەقەكردن و پێكانی ئامانجەكانییان.
دوای ئەوە گۆڕەپانێكی دیكە ئامادەكراوە كە تایبەتە بە بواری فریاكەوتنی تەندروستی بۆ ئەو پێشمەرگانەی کە لە كاتی شەڕدا تووشی حاڵەتی تەندروستی و برینداری دەبن و بۆ ئەم مەبەستەش راهێنەران پێداویستییە سەرەتاییەكانیان ئامادەكردووە و راهێنان و مەشقی پێشمەرگەكان دەكەن لە رووی پڕاكتیكییەوە.
دوای ئەوە قۆناغی سێیەم دێت كە بریتیە لە چۆنیەتی تەقەكردن بەم جۆرە چەكانە و ئەمەش لەم گۆڕەپانەدا تەواوی پێداویستییەكان ئامادەیە و لەلایەن راهێنەرانەوە تەقە بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكرێت بە شێوەیەكی نیشانەشكێن.
قۆناغی چوارەم كە بریتییە لە تەقەكردن بە شێوەیەكی كردارەكی كە چەند نیشانەیەك لەم گۆڕەپانە داندراوە و پێشمەرگەكان لە دوا قۆناغی مەشقەكەدا دەست دەكەن بە تەقەكردن بە شێوەیەكی كردارەكی و ئەمەش لەلایەن راهێنەرانی بواری سەربازیی سەرپەرشتی دەكرێت.
ئەم مەشقە لەلایەن كۆمەڵێك راهێنەری وڵاتانی جیاجیا بەڕێوەدەچێت كە بریتین لە راهێنەری ئەڵمانی و هۆڵەندی و بەریتانی و فینلەندی و هەنگاری و نەرویجی.
ئەفسەر بە پلەی رائید لە هێزەكانی ئەڵمانیا ماركۆس هەیڕهۆڵد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ راگەیاندنی قۆناغەكانی مەشقی سەربازییە كە بە چەند قۆناغێك تێدەپەڕێت و بەسەرپەرشتی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان ماوەی 10 هەفتە دەخایەنێت".
لەبارەی قۆناغەكانی مەشقپێكردن و چۆنیەتی راهێنانییان لەسەر جۆری چەكەكان، ماركۆس هەیڕهۆڵد گوتی: "ئەم مەشق و راهێنانە چەند قۆناغێكی جیاوازی هەیە و لە قۆناغی یەكەمدا تەنیا فێری ئەوەیان دەكەین كە چۆن چەك لەدەست دەگرن و دواتریش بەشداری قۆناغێكی راهێنانی تەندروستی دەكرێن ئەویش بریتییە لە فریاگوزاری تەندروستی و حاڵەتەكانی رووبەڕووبوونەوەی چەكی كیماوی و چۆنیەتی خۆپاراستن و دەربازبوونییان".
ماركۆس هەیڕهۆڵد گوتیشی: "لەلایەن ئەڵمانیاوە 26 راهێنەر دابینكراوە و جگە لەوەش راهێنەرەكانی دیكە لە وڵاتە جیاوازەكان بەشداری ئەم، پڕۆسەیە دەكەن".
فەرماندەی فەوجی یەكی لیوای دوو موقەدەم روكن نەجات عەبدوڵڵا قەرەچەتانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی ئەم مەشقكردنە 10 هەفتەیە و دابەشكراوە بەسەر دوو قۆناغ کە پێنج هەفتەی یەكەم بریتییە لە مەشقی سەرەتایی لەسەر كەلوپەلی سەربازی و ئەو چەكانەی كە وەریانگرتووە، قۆناغی دووەم بریتییە لە راهێنانی پسپۆریی".
سەبارەت بە جۆری ئەو چەكانەی كە لە ئێستادا هێزەكانی پێشمەرگە راهێنان و مەشقی لەسەر دەكەن، موقەدەم روكن نەجات قەرەچەتانی گوتی: "چەكەكان بریتین لە چەكی تازەی رۆژئاوایی كە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دابینی كردووە لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان و لە ئێستادا لە قۆناغی سەرەتایی مەشقكردنەكەیە".
لەبارەی قۆناغەكانی مەشقەكەش نەجات قەرەچەتانی ئاماژەی بە بەشەكانی مەشق و راهێنانی هێزەكانی پێشمەرگە كرد و گوتی: "دوای ئەوەی قۆناغی یەكەم تەواو دەبێت و لە پێنج هەفتەی دوایدا قۆناغێكی دیكە دەست پێدەكات كە بریتییە لە راهێنان چۆنیەتی هەڵگرتنەوەی مین و فریاكەوتنی تەندروستی".
دوای تەواوبوونی مەشق و راهێنانەكانییان ئەو دوو لیوایەی هێزی پێشمەرگە كە بریتین لە لیوای 1 و لیوای 2 هەر لەلایەن ئەمریكاوە پڕچەك دەكرێن و لە سنووری كەركووك جێگیر دەكرێن، هەر لیوایەكی هێزی پێشمەرگە لە سێ فەوج پێكدێت و پێشبینی ئەوە دەكرێت ژمارەی بەشداربووانی ئەم مەشق و راهێنانە نزیكەی 5 هەزار پێشمەرگە بێت.