ژيان

"لیۆ" یەکەمین شێرى راهێنراو لە هەرێمى کوردستان

- لیۆ ئەو شێرە مرۆڤ دۆستەیە کە ماوەى ساڵێک و سێ مانگە بەبێ ئازاردانى هیچ کەسێک لەگەڵ دانیشوانى دهۆک دەژیت و رۆژانە پیاسەى شەقام و بازاڕى شارەکەش دەکات.

Azad Mohammed Abdullah  | 17.09.2019 - نوێکردنەوە : 22.09.2019
"لیۆ" یەکەمین شێرى راهێنراو لە هەرێمى کوردستان

Dahuk

دهۆک - AA

بەخێوکەری شێرەکە بڵند بریفکانى، یەک ساڵ لەمەوبەر شێرێکى تەمەن بیست رۆژى بە دیارى لە هەولێرەوە بۆى هات، ئەمیش ناوى لێدەنێت "لیۆ"، سەرەتا بە پێدانى شیر و لەئێستادا بە گۆشتی مریشک بەخێوى دەکات.

بڵند بریفکانى کە کارمەندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لە پاڵ ئەرکەکە خۆشەویستی خۆی بۆ ئاژەڵەکان ناشارێتەوە و وەک خۆی دەڵێت، جگە لە بەخێوکردن و کەویکردنی شێرەکە، زۆرجار یارمەتی ئاژەڵی دیکەشی داوە بۆ رزگارکردن و گەڕاندنەوەیان بۆ سرووشت.

بریفکانى کە هاوکات بەرپرسى رێکخراوى هاوکارى کوردى-ئەمریکىشە، بەیانیان لەخەو هەڵدەستێت، پێش هەموو کارەکانى "لیۆ" بەسەردەکاتەوە و کەمێک پیاسە دەکەن و دواتریش ئەگەر خواردنى پێویست بێت، مریشکێک یان دووى پێ دەدات. ئەو تا ئێوارە چەند جارێک بە یاریکردن لەگەڵ "لیۆ" بە ماچکردن و لە باوەشگرتنى یەکتر رۆژ بەسەر دەبەن.

ئەو بە جلوبەرگێکى کوردییەوە شێرەکە هێنایە نێو باخچەى ماڵەکەى و ئەو لەبارەى لیۆ-وە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "رێکخراوەکەمان لە بوارەکانى مافى منداڵان، پاراستنى ژینگە و ئاژەڵ کار دەکات و لە بەشى پاراستنى ئاژەڵاندا ساڵانە ژمارەیەک ورچ لە باخچەى ئاژەڵان بێت یان لەو شوێنانەى دەستبەسەرن رزگار دەکەین، تا ئێستا هەشت ورچمان ئازاد کردووە ئەم ورچانەش زاوزێیان کردووە و بوونەتە ١٥ ورچ لەنێو سروشتى هەرێمى کوردستان".

رۆژانە خەڵکی ناوچەکە و تەنانەت هەندێکجار گەشتیارانیش ئەگەر بە شوێنی بزانن بۆ گرتنی سێلفی سەردانی لیۆ دەکەن و لە باخچە هەزار مەترییەکەی کە بۆی تەرخانکراوە، یاری لەگەڵ دەکەن.

لەبارەى چۆنیەتى بەخێوکردن و راهێنانەکەى بڵند بریفکانى ئاماژەى بەوەدا کە بەخێوکردنى شێر ئاسانە و رۆژانە خواردن و خواردنەوەى بۆ دابین دەکەین، بەڵام راهێنان و ماڵى کردنەکەى کەمێک سەختە، دەشڵێت "ئەرک و ماندووبوونى زۆرمان کێشا تا کەوی (ماڵی)مان کرد، ئێستا زۆر بەئاسانى رۆژانە بەپێدانى دوو یاخود سێ مریشک بەخێوى دەکەم".

ئەو نەخواردنى گوشتى سوور لە لایەن شێرە تەمەن ١٥ مانگییەکەى بە بەڵگە دەزانێت کە شێرەکەى دڕندە نییە و دەڵێت "ئەگەر ئێستا گۆشتى سوور بۆ لیۆ بهێنین، نایخوات، تەنانەت ئەگەر مریشکى زیندووشی بۆ بهێنین نایخوات، ئەمەیش ماناى ئەوە دەگەیەنێت کە شێرەکەم لیۆ دڕەندە نییە".

بڵند بریفکانى بیرى لەوەکردووەتەوە کە شێرەکەى بخاتە نێو پڕۆسەى هاوسەرگیرییەوە و لەمبارەشەوە گوتى: "شێرێکى بە رەگەز مێ-مان دەستنیشانکردووە لە دەرەوەى وڵات بگەیەندرێتە هەرێمى کوردستان بە مەبەستى جووتکردنیان لەگەڵ یەکتر".

لەبارەى پاراستنى تەندروستى لیۆ ئەو ئاشکراى کرد کە یەکێک لە باشترین دکتۆرەکانى ڤێتێرنەرى لە هەرێمى کوردستان چاودێرى تەندروستى لیۆ دەکات و گوتى: "پێچەوانەى زۆربەى ئاژەڵەکان شێر پێویستى بە ڤاکسیندان نییە، بەڵام بەردەوام پشکنینى بۆ ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەى ئاگادارى تەندروستى بین، هەرکات پێویست بکات لە لایەن دکتۆرەوە چاو و گوێى خاوێن دەکرێتەوە، بەخۆشم لە ماڵەوە جار جار دەیشۆم و خاوێنى دەکەمەوە، سیفەتى شێر وایە تووشى هەر نەخۆشییەک بێت ناکەوێت".

بڵند بریفکانى گوتی: "کار لەسەر پڕۆژەیەک دەکەم سەرجەم ئەو شێرانەى لە خوارووى عێراق بازرگانییان پێوە دەکرێت کۆبکەمەوە، پڕۆژەیەکى ناوازەیان بۆ ئەنجام بدەم کە نەوەک تەنها لە عێراق، بەڵکو لە ئەفریقا و وڵاتانى جیهانیش مەترسى بکەوێتە سەر ژیانى شێر، من لێرە داڵدەیان بدەم و بیانپارێزم، بۆ ئەم مەبەستەش چوار شێرمان دەستنیشانکردووە و کارى لەسەر دەکەین".

لە وەڵامی ئایا راگرتنى شێر لە ماڵەوە پێشێلکردنى مافى ئاژەڵ نییە؟ بڵند بریفکانى گوتى: "باخچەیەکى گەورەمان بۆ دروستکردووە لیۆ دەبەین بۆ باخچە بۆ ئەوەى زیاتر هاتوچۆ بکات، بەڵام هەر زوو زوو رێگەى ماڵەوە دەگرێتەبەر و دەگەڕێتەوە ماڵەوە".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın