Dlshad Saifaalddin Ahmed
26 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2016
سلێمانی- AA
لە ژێر ناونیشانی (نا بۆ هاوسەرگیری پێش وەخت) رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت CDO بە هاوبەشی ئاژانسی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران UNHCR لە كەمپی باریكە ( 35 كیلۆمەتر باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانی) كەمپێنێكی ئەنجامدا، سەرەتاش بە رێپێوانێك بەناو كەمپەكەدا دەستیپێكرد و چەندین دروشمیان دژی ئەو بابەتە بەرز كردبوویەوە.
توێژەری كۆمەڵناسی و یەك لە سەرپەرشتیارانی كەمپینەكە، لەنیا جەمال بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لەم كەمپینەكەدا هەوڵمانداوە ئەو پیشانی خێزانە ئاوارەكانی ئەم كەمپە بدەین كە هەزار و 792 خێزانی ئاوارەی كوردی سووریا تێدا دەژین كە زیانەكانی هاوسەرگیری پێش وەختە چییە، ماوەیەكە كار لەسەر ئەوە دەكەین و ئەو كێشە خێزانییانەی وەریان دەگرین و لێكۆڵینەوەمان لەسەر كردووە كێشەكانی بۆ هاوسەرگیری پێش وەخت دەگەڕێتەوە و ئەو جۆرە هاوسەرگیرییەش لەناو ئەم كەسانەدا زۆر دیارە و لەم هاوسەرگیرییەدا هەموویان رووبەڕووی كێشەی خێزانی دەبنەوە".
ئەو گوتی: "بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو كێشانە و هۆشیاری دان بەو كەسانە، ئەم كەمپینەمان سازكردووە تاوەكو ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە نەكرێت یان كەمبكرێتەوە تا بەدوور بن لەكێشەی خێزانی و كۆمەڵایەتی".
سەرپەرشتیاری كەمپینەكە ئاماژەی بەوەش كرد، بە درێژایی پڕۆژەكەیان لەماوەی ئەمساڵدا نزیكەی 60 كەیسیان وەرگرتووە و زۆربەی خێزانەكان بەهۆی كێشەی ئابوورییەوە خێزانە ئاوارەكان كچەكانیان بەزوویی دەدەن بەشوو.
توێژەرێكی تری بەشدار لە كەمپینەكە، كۆژین عوسمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەو كاتەوەی دەستمان بەم پڕۆژەیە كردووە ، لە رێگەی كەیسەكانمانەوە زۆر حاڵەتمان بینیوە كە هاوسەرگیری پێش وەخت بووەتە هۆی كێشە لەناو خێزانەكاندا".
لە بارەی هۆكارەكانی هاوسەرگیری پێش وەخت لە نێو ئاوارەكانی كەمپەكەدا ، كۆژین لە وەڵامدا گوتی:" هۆكاری ئابوری و نەبونی شوێن و جێگای پێویست لە كەمپەكەدا وای كردووە كچەكان بە زوویی واز لە خوێندن بهێنن و بیر لە شوكردنی پێش وەخت بكەنەوە ، لە رێگەی حاڵەتەكانیشمانەوە زۆر حاڵەتمان بینیوە كە ئەو هاوسەرگیرییە كێشەی لێكەوتۆتەوە".
ئاماژەی بەوەشدا رێژەیەكی زۆری هاوسەرگیری پێش وەختە لە كەمپەكەدا هەیە كە لە تەمەنی 12 ساڵییەوە لە كەمپەكە دەست پێدەكات، لە رێگەی كەمپینەكەشەوە كچانی كەمپینەكە هۆشیار دەكەنەوە لە زیانەكانی هاوسەرگیری پێش وەختە.
لەو كەمپینەدا ژمارەیەك لە كچان بەشدارن كە زۆربەیان توێژەری كۆمەڵایەتی و چالاكوانی بواری ژنانن، هەروەها بەشێك لە ژنان و كچانی ئاوارەی كەمپەكەش بەشدارییان تێدا كردووە.