Dilşad Seyfeddin Ahmed
03 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2015
سلێمانی
لە كۆنفراسەكەدا ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایانی ئایینی و زانكۆ و بەرپرسانی حزبی و حكوومی ئامادەبوون و چەند گوتەیەكی تایبەت لەسەر گرنگی كردنەوەی كۆڕبەندەكە لەم كاتەدا پێشكەش كران.
كۆڕبەندی جیهانی میانڕەوی رێكخراوێكی جیهانییە و ساڵی 2007 دامەزراوە، بارەگای سەرەكی لە شاری عەممانی پایتەختی ئوردنە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لقی هەیە.
لقی رێكخراوەكە لەلایەن ئەمینداری پێشووی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەڵاحەدین محەمەد بەهادین لە هەرێمی كوردستان وەك رێكخراوێكی ناحكوومی دەكرێتەوە و بارەگای سەرەكی لقەكە لە شاری سلێمانی دەبێت.
ئامانجەكانی رێكخراوەكە چەسپاندنی هزری میانڕەوی و پێكەوەژیان، رووبەڕووبوونەوەی پەڕگیری و توندڕەوییە.
لە گوتەیەكدا بۆ ئامادەبووانی كۆنفراسەكە سەرپەرشتیاری گشتی كۆنفراس سەڵاحەدین محەمەد بەهادین گوتی: " فیكری راست و درووست كار و كرداری درووست دەهێنێت و پێچەوانەكەشی بەهەمان شێوەیە، توندڕەوی و لادان لە دین نەخۆشییەكی گەورەیە و لە هەر كۆمەڵگایەكدا رووبدات پێكدادان و یەك نەخوێندنەوە بەرهەم دەهێنێت تا دەگاتە بە كافركردن و لە دین دەركردن بە ناوی ئایینەوە و كارەسات دەخولقێنێت".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو هەموو توندڕەوی و پەڕگیرییەی لە جیهانی ئیسلامی هەیە زیان مەندی یەكەم لێی ئایینە.
سەڵاحەدین بەهادین هەروەها گوتی: "لە غیابی میانڕەوی ئیسلامی گەورەترین پرسێك كە دەكەوێتە بەر مەترسی شەریعەتی ئیسلامییە، ئەوەیش پێكدادان و یەكتر قڕكردن و كوشتن و پێكدادانی گەلان درووست دەكات و جێگای برایەتی و پێكەوە ژیان دەگرێتەوە".
لە بارەی ئامانجی دامەزراندنی كۆڕبەندەكەشەوە گوتی: "ئامانجەكەی قوڵكردنەوەی تێگەیشتنی میانڕەوی ئیسلامیانە لە نێوان رۆڵەكانی ئوممەتی ئیسلامی و دام و دەزگاكانیدا، هەروەها بەهێزكردنی تواناكانیان بۆ هەستان بە رۆڵی خۆی لە روانگەی میانڕەوییەوە".
سەڵاحەدین بەهادین لە بارەی دۆخی ئێستای كوردستانەوە دوا و گوتی: "بەهۆی ئەو دۆخەی ئێستاوە میللەت ماندووە و جەماوەر توڕەیە و بازاڕ وەستاوە و دڵەڕاوكێ هەموو لایەكی گرتۆتەوە، ئەم هەڵوێستانەی پێنج حزبەكەش لەگەڵ ئاڵۆزی دۆخەكە و ناسەقامگیری ئەمنی و سیاسی و نەخشەی ناوچەكە یەك ناگرێتەوە".
ئەو هەروەها گوتی: "ئەزموونی ئێمە بەرگەی ئەو دۆخە ناگرێت و پێویستە هەر لایەنێك لە ماف و بەشی خۆی واز بهێنێ و بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییان لەبەرچاو بگرێت و كۆبوونەوەی داهاتووشیان مژدەیەكی خۆشیان بۆ خەڵكی كوردستان پێبێت".