ھەولێر
لەشەقڵاوە، خانوو و ڤێلا گەشتیارییەکان نرخەکانیان کێبەڕکێی میوانخانە پێنج ئەشتێرەکان دەکەن، نرخی شەوێک مانەوە لە ١٥٠ دۆلارەوە ھەیە تا چوار سەد دۆلار.
شەقڵاوە ٦٠ کیلۆمەتر لەمەرکەزی شاری ھەولێرەوە دوورە، ھەڵکەوتوو لەبناری چیای سەفین. دانیشتوانەکەی نزیکەی ٢٥ ھەزار کەس دەبن. بەڵام لەوەرزەکانی بەھارو ھاویندا رێژەکە زۆر زیاتر دەبێ.
فێنکی ھەواو سەوزایی ناوچەکە، وایکردووە ببێتە جێی سەرنجی گەشتیاران. خەڵکی بۆ ھەڵاتن لەگەرمای تاقەتپڕوکێن کە نزیک دەبێتەوە لە پەنجا پلە، جگە لەشارەکانی ھەولێرو سلێمانی لەشارەکانی بەغدا، موسڵ، دیالە، تکریت گەشت بۆ شەقڵاوە دەکەن.
دانیشتوانی شەقڵاوە بەدەرفەتی دەزانی لەوەرزەکانی بەھارو ھاوین، بەرھەمە خۆوڵاتییەکانی وەکو شیرینی، چەرەزات، بەستەنی، لوقم و شەکرلەمە دەفرۆشنە گەشتیاران.
بەڕێوەبەری ھاوینەھەواری شەقڵاوە(زانا مەقسود) گوتی "لەبەر نەبوونی ئاسایشی پێویست لە ناوچەکانی باشووری عێراق، خەڵکی زیاتر روو لە شەقڵاوە دەکەن. تا دێ باڵەخانەی زیاتر لێرە بنیات دەنرێن، لەو باوەڕەم لە داھاتوویەکی نزیکدا شەقڵاوە زۆر لەئێستە فراوانتر دەبێ و توانای لەخۆگرتنی رێژەیەکی زیاتر گەشتیاری دەبێ. ئاسایشی ھەرێمی کوردستان رۆڵێکی سەرەکی ھەیە لە زەمینە خۆشکردن بۆ دڵنیایی گەشتیاران"
بەشێ لەگەشتیارانی شەقڵاوە لەبەرئەوەی شوێنی بەتاڵ دەستناکەوێ ناچارن لەسەر شەقامەکان چادر ھەڵدەن.