Rewa Mahmood Hasan
13 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2020
سلێمانی - AA
دوای ئەوەی رۆژی رابردوو سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە گشتاندنێکی نوێدا بریاری دا بە کردنەوەی چەند دووکان و شوێنێکی تری کارکردن، ئەمیش وەک هەنگاوی یەکەم بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناو شاری سلێمانی و دەورووبەری، ئەمڕۆ لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت و تەندروستیی سلێمانی لەنێو بازاڕی شاری سلێمانی-دا سەرجەم ئەو شوێنانەی بەسەرکردەوە کە ئەمڕۆ کراونەتەوە.
تیمەکان کە پێکهاتبوون لە لیژنەی قایمقامیەت و تەندروستیی، سەرجەم ئەو دووکانانەی نێو بازاڕیان بەسەرکردەوە کە ئەمڕۆ لەڕێی رێنماییە نوێییەکانەوە کرانەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانی، یاد نەقشبەندی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو بەسەرکردنەوە و گەڕان و پشکنینانە بەمەبەستی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی تەندروستییە لەو دووکانانەی کە تازە کراونەتەوە.
یاد نەقشبەندی گوتی: "ئامانج لە گەڕان و پشکنینەکان چاودێریکردنی سەرجەم ئەو دووکانانەیە کە لە رێنمایی نوێی لیژنەی بەرەنگاری کۆرۆناوە کراونەتەوە، وەک بەکارهێنانی دەستکێش و رێگەنەدان بە دروستکردنی قەرەباڵغی".
دوێنێ پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندبوو کە دووکانی خزمەتگوزارییەكانی پێداویستیەكانی خانووبەرە (ئاو و كارەبا)، كارگەكانی خواردەمەنیی ئامادەكراو، وەرشەی چاككردنەوەی سەتەلایت و داتاكردنەوە، خزمەتگوزارییەكانی ئۆتۆمبێل (رۆنگۆڕو پەنچەرچی)، وەرشەی چاككردنەوەی مۆبایل و فرۆشتنی پێداویستی مۆبایل، شوێنی ئوتوی هەڵم، سەرتاشخانەكان، ماسی فرۆشیی و شوێنەكانی فرۆشتنی ماسی، كەبابخانە و برژاوەكان، تەنها لە سنووری گەڕەكەكاندا، لەسەر بنەمای بەردەوامبوونی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ و پابەندیی هاووڵاتییان و پەیڕەوكردنی رێنماییە تەندروستیی و كارگێڕیی و ئارامییەكان، دەكرێنەوە.