Dilşad Seyfeddin Ahmet
02 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2016
سلێمانی
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی جەلال مینە بەگ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئەو حەبانەوە رایگەیاند "لە ماوەی رۆژانی رابردوودا هێزەكانمان لە ناوچەی شارباژێڕ و پێنجوێن لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیان گرتووە بەسەر چەند ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگردا كە بڕێكی زۆر حەبیان پێبووە و بە نیاز بوون بە قاچاخی ئاودیوی ئێرانی بكەن".
مینە بەگ گوتی: "ئەو حەبانە لە جۆری ترامادۆڵ 200 و ئیفدرین و مۆڵفینە و بۆ هەوێنی ماددە هۆشبەرەكان لە نموونەی شیشە بەكار دەهێنرێت، پێشتر بە ترانزێت لە رێگەی ئێرانەوە هاتووەتە هەرێمی كوردستان و ئەو كەسانە ویستویانە جارێكی تر رەوانەی ئێرانی بكەنەوە تاوەكو بكرێنەوە ماددەی هۆشبەرە و بیهێننەوە هەرێمی كوردستان".
بڕی ئەو حەبانەی دەستیان بەسەردا گیراوە 890 كارتۆنە و لە 20 ملیۆن دەنك حەب پێكهاتووە لە هەردوو جۆرەكەی (ترامادۆڵ 200 و ئیفدرین و مۆڵفینە)، بەرپرسەكەی ماددە هۆشبەرەكانی سلێمانیش ئاماژەی كرد بەوەی بەهای ئەو حەبانە نزیكەی 10 ملیۆن دۆلار دەبێت.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەكان لە وەڵامی پرسیارێكی ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی ئەو كەسانەی بازرگانانیان بەو حەبانەوە كردووە گوتی: "تائێستا سێ كەس لەسەر ئەو حەبانە دەستگیر كراون كە خەڵكی هەرێمی كوردستانن و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە، ئەو كەسانەشی بازرگانی یان ئەو حەبانە بەكاردەهێنن بەپێی ماددەی 14ی ماددە هۆشبەرەكان دادگایی دەكرێن".
بە پێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و تەنها لە دوو مانگی رابردوودا 27 كەس بە تۆمەتی بازرگانی كردن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان دەستگیركراون.