
Arbil
هەولێر - AA
لە ھۆڵەکانی بێدەنگییدا، کە دەستەکان بە دەنگێکی بەرزتر لە وشەکان قسە دەکەن، مامۆستایەکی زمانی ئاماژە، ئاماژەکان بۆ دەنگ دەگۆڕێت و پردێک لە نێوان کۆمەڵگا و توێژی نابیستان دروست دەکات.
بەھار محەمەد مەحموود تەمەن ٦٣ ساڵ، کە بە دایکی نابیستان ناسراوە، نازناوێک کە وا بە ئاسانی بەدەست نەھاتووە، بەڵکو لە ڕێگای خۆبەخشیی و خۆشەویستیی بۆ نابیستان بە دەستی ھێناوە، کار و ماندووبوونەکانی ئەم دایکە کاریگەرییان لەسەر نەوەکانی داھاتووش ھەبووە، نەک ھەر وەک مامۆستایەکی زمانی ئاماژە، بەڵکو وەکو پێشەنگێک لە پەروەردەکردن و داکۆکیکردن لە مافەکانی نابیستان.
ئەو دایکە لە ساڵی ١٩٨١ لە سلێمانی خوێندن تەواو دەکات و لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتیی شارەکە دادەمەزرێت و ساڵێک دواتر پەیمانگای نابیستان دەکرێتەوە و لەوێ وەک مامۆستایەک دەست بە ئەرکەکەی دەکات و ماوەی ٤٤ ساڵە لەم بوارەدا خزمەت بە توێژی نابیستان دەکات و ئێستا سەرۆکی ڕێکخراوی ئاماژە و شارەزا لە زمانی ئاماژەیە.
بەھار محەمەد مەحموود لەبارەی ئەرکەکەیەوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کاتێک لە ساڵی ١٩٨١ خوێندنم تەواوکرد، لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتیی دامەزرام و لە ساڵی ١٩٨٢ پەیمانگای نابیستان کرایەوە و ئەو ئەرکەمان پێ سپێردرا کە لەوێ وەک مامۆستا دەستبەکاربم، بێگومان سەرەتا هیچ زانیارییەکمان لەسەر ئەو توێژە نەبوو، بەڵام هێواش هێواش تێکەڵ بە نابیستان بووین و لەوانەوە خۆمان فێرکرد، ئیتر لەم کاتەوە لەگەڵ نابیستان کاردەکەین وەک مامۆستا و دانەری فەرهەنگ و شارەزا لە زمانی ئاماژە، تا ئێستاش بەردەوامین".
مامۆستا بەهار محەمەد مەحموود گوتیشی: "بێگومان لە سەرەتادا زۆر قورس بوو، لە یەکەم دیداری من و نابیستان دا، تووشی شۆک بووم کە چۆن بتوانم مامەڵەیان لەگەڵدا بکەم، بەڵام دوایی توانیم ئەو ئاڵنگارییە تێپەڕێنم".
ئەو مامۆستایە ئەوەش دەخاتەڕوو کە نابیستان بەهۆی تێنەگەیشتن لە قسە و تێکەڵنەبوون لەگەڵ کۆمەڵگادا، هۆشیاری و زانیارییان نیە بەرامبەر زۆر شت وەک مافەکانییان و لە درێژەی قسەکانییدا گوتی: "نابیستان وەک هەر کەسێکی دیکەی ئاسایی، بەشێکن لە کۆمەڵگا، ئەوان ڕووبەڕووی کێشەکان دەبنەوە و، زۆر بە کەمیی هۆشیاریان لەسەر هەندێک شت هەیە وەک ئەرک و مافەکانییان، هەروەها منداڵ و خێزانەکانییان، بۆیەش منداڵەکانییان زۆرجار تووشی کێشە دەبنەوە، هەر بۆیەش دەبێت من ئەو زەمینەی هۆشیاری و ئامۆژگارییە بۆ منداڵ و خێزانەکانییان فەراهەم بکەم بۆ ئەوەی لە داهاتوودا تووشی کێشە و گرفت نەبن".
بەهار محەمەد مەحموود، لە ساڵانی ١٩٨٨ تا ١٩٩٢ وەک مامۆستا لە پەیمانگای نابیستانی هەولێر خزمەتیی کردووە و دواتر گەڕاوەتەوە سلێمانی و تا ئێستاش لەوێ نیشتەجێیە و خزمەت بەو توێژە دەکات، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت بە درێژایی ڕۆژ جلوبەرگێکی پۆشتە بپۆشێت چونکە لەگەڵ نابیستان لە ڕێگای ڤیدیۆیەوە پەیوەندییەکانی ئەنجام دەدات و کێشە و گرفتەکانییان لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بۆ چارەسەر دەکات.
لەمبارەیەوە بەهار محەمەد مەحموود گوتی: "پەیوەندی من لەگەڵ نابیستان پەیوەندییەکی ڤیدیۆییە و بەردەوام پەیوەندییە ڤیدیۆییەکانم کراوەیە، دەبێت لە بەیانییەوە تا ئێوارە جلوبەرگێکی پۆشتەم لەبەردابێت چونکە زۆرجار هەیە، نابیستان لەناو بازاڕدا تووشی گرفتێک دەبن، لە پڕ پەیوەندیی ڤیدیۆیی دەکەن و کامێراکە دەخەنە سەر پیاوێک کە تێکنەگەیشتنێک لە نێوانییان هەیە دەبێت لەم حاڵەتەدا کاری وەرگێڕانییان بۆ بکەم و گرفتەکەیان بۆ چارەسەر بکەم".
ئەو مامۆستایە ڕەخنە لە دامودەزگاکان دەگرێت کە وەرگێڕی زمانی ئاماژەیان نیە کاتێک نابیستێک تووشی گرفتێک دەبێت لەو شوێنانە، ناتوانێت بەرگریی لەخۆی بکات و لەمبارەیەوە گوتی: "بەداخەوە تا ئێستا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، لە دادگاکان و بنکەکانی پۆلیس وەرگێڕمان نیە کە ئەمە بووەتە بەربەستێکی گەورە کە ناتوانرێت دەنگی نابیست بگاتە شوێنی خۆی، پێویستە ئێمە وەرگێڕی باش دروست بکەین".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن