هەولێر - AA
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشەوا ھەورامانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بە ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم کرد و لە بارەی ھەناردەکردنەوەی نەوت، ڕایگەیاند کە ئێستا ٢٣٤ ھەزار بەرمیل توانای بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستانە، ئەو نەوتەی بۆ پێداویستیی ناوخۆ گلدەدرێتەوە لای خۆمان دەھێڵینەوە، ئەوەی دیکە بەشی کۆمپانیا نەوتییەکان و حکوومەتی فیدڕاڵە، ئێمە نووسراومان کردووە بۆ ئەوەی نەوتەکە وەربگیرێت، ھەروەھا ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکە ھەیە، تێبینیی یەک دوو کۆمپانیا ھەبوو بەڵام کێشە نییە، نووسراومان کردووە کە سۆمۆ نەوتەکەمان لێ وەربگرێت، ئەوەی ماوە بابەتی تەکنیکییە و پێشبینی دەکەین لە ٤٨ کاتژمێری داھاتوودا کێشەکە چارەسەر بکرێت.
پێشەوا ھەورامانی گوتیشی: "بابەتی نەوت گرێکوێرە بوو، بەردەوام دەیانگوت حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نایەوێت بابەتەکە چارەسەر بکات، بەڵام لە سەرەتاوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نیەتی چارەسەری ھەبووە، ئەوەی دەمێنێتەوە لە مەسەلەی داھاتی نانەوتی، دەگەڕێینەوە بۆ یاسا، ھەروەھا بۆچوونێکی ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوە، بۆچوونێکی خۆیانە داویانە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای ئەم بۆچوونەی نەکردووە، بەڵکو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوای لێکردوون، بۆچوونەکەیان بەو شەش وەزیرە دراوە کە ڕاسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە گشتی کەشێکی دانوستان و گفتوگۆ ھەیە، لێکتێگەیشتنێکی باش ھەیە".
لەبارەی شێواز و ماوەی ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکە، پێشەوا ھەورامانی گوتی: "ڕێککەوتنمان لەسەر نەوت بۆ ماوەی سێ مانگە، چونکە لە ساڵی تازە یاسایەکی نوێی بوودجە ئامادە دەکرێت، ھەوڵدەدەین ھیچ کەموکوڕییەک لە ئێمە نەبێت کە پێشتریش نەبووە".
لەبارەی داھاتی نانەوتیشەوە، پێشەوا ھەورامانی گوتی: "ڕەزامەندی دەدەین کە ١٢٠ ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی حەفت بنێرین، ئەمە گوشارێکی زۆر زۆر دروست دەکات لەسەر ھەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای بوودجە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەم بڕە پارەیەی بۆ دیاری نەکراوە کە بیدات، بەڵام لەپێناو ئەوەی مووچە زوو بگاتە ھاوڵاتیانمان، بۆیە ئەو پارەیە دەنێرین".