Hemin Hüseyin
15 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2017
هەولێر-AA
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کودەتایە شکستخواردووەی لە ١٥ی تەمووزی ساڵی رابردوو لە تورکیا روویدا، کردەوەیەکی دڵتەزێن بوو، هاوکات دژی بنەماکانی دیموکراسی بوو، ئاماژەیش بەوە دەکات کە ئەگەر ئەو کودەتایە شکستی نەخواردایە ئەوا تورکیا لە رووی سیاسیی و ئابوورییەوە چەند هەنگاوێک دەگەڕایەوە دواوە.
بەبۆنەی ساڵیادی کودەتا شکستخواردووەکەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئاندۆڵو گوتی: "ئەوەی ساڵی رابردوو لە تورکیا روویدا، کردەوەیەکی دڵتەزێن بوو، دژی دیموکراسی بوو، هەوڵێک بوو، ویستی تورکیا هەنگاوێک بەرەو دواوە بگەڕێنێتەوە، چونکە ئەو پێشەوەچوونانەی چ لە رووی سیاسیی یان ئابووری هەیە چەند هەنگاوێک دەگەڕانەوە بۆ دواوە".
سەفین دزەیی گوتیشی: "ئەگەر کودەتاکە شکستی نەخواردایە ئەوا کارەکان و پێشکەوتنەکانی تورکیای هەڵدەوەشاندەوە، ئێمە ئەوکات ئیدانەی ئەو کارەمان کرد و سەرەخۆشیمان لە بنەماڵەی قوربانییانی ئەو رووداوە کرد و پاڵپشتی خۆمان بۆ بەرەو پێشەوەبردنی دیموکراسی تورکیا دەردەبڕین و دەکرێت ئەمە چارەسەربێت بۆ هەموو کێشەکانی ناوخۆی تورکیا".
شەوی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦ ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ ھەوڵی ئەنجامدانی کودتایەکیان بەسەر حکوومەتی شەرعيی تورکیا دا کە بە ھەوڵی سەرکۆمار ئەردۆغان و گەلی تورکیا کودەتاکە شکستی خوارد.