Hemin Hüseyin
30 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2017
هەولێر-AA
لیژنەی باڵای فتوای یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا پارەی سەرفیترە و فیدیە و زەکاتی بۆ ئەمساڵی دیاری کرد.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە بڕی سەرفیترە بە ٣ هەزار دینار مەزەندە دەکرێت بۆ هەر کەسێک. هەروەها ئەوەی فیدیەی کەوتووەتە سەری جا بە هەر هۆکارێکی پیری یان نەخۆشی یان سکپڕی و شیردان، ئەوا دەتوانێت فیدیەی بدات کە بۆهەر رۆژێک ٣ هەزار دینار مەزەندە دەکرێت و بۆ هەموو مانگی رەمەزان دەکاتە ٩٠ هەزار دینار.
سەبارەت بە بڕی زەکاتی پارە، ئەوا لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "بڕی ئەندازەی زەکاتی پارە بە ٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار مەزەندە دەکرێت، واتا هەر هاووڵاتییەک ئەم بڕە پارەیەی هەبێت و ساڵێکی بەسەردا سوڕابێتەوە، ئەوا پێویستە لە هەر یەک ملیۆن دینار بڕی ٢٥ هەزار دینار زەکاتی لێ دەربکات".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا سەبارەت بەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش دەژین، هاتووە "ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەژین، ئەوا ئەو وڵاتە بڕی زەکات دیاری دەکات بەڵام ئەگەر وڵاتێک بڕی سەرفیترەی دیاری نەکرد، ئەوا پێویستە ئەو بڕە پارەیەی کە دەیدەن لە ١٠ هەزار دیناری عێراقی کەمتر نەبێت".