هه‌ولێر
ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه رێكخراوی ئه‌نستیتۆی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گفتۆگۆیه‌كی له‌باره‌ی ره‌وشی ئاسایشی و ئابوری عێراق و هه‌رێمی كوردستان و سوریا سازكرد.
به‌رپرسی رێكخراوی ئه‌نستیتۆتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پرۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین له گفتوگۆكه‌دا گوتی: "ناوچه‌كه به‌گشتی رووبه‌ڕوی دۆخێكی خراپ بۆته‌وه. شه‌ڕی دژی داعش ته‌نیا به بۆردومانكردنی سه‌نگه‌ره‌كانیان له‌لایه‌ن فرۆكه‌كانی هاوپه‌یمانانه‌وه له هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی خواروی عێراق و كۆبانێ چاره‌سه‌ر نابێت، بۆیه پێویسته ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان شه‌ڕیكی فراوانتر به‌رامبه‌ر به داعش به‌رپا بكه‌ن. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌هۆی شه‌ڕه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر ئاواره روو له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن."
سه‌رۆكی رێكخراوی ئه‌نستیۆتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست باسی له‌وه‌ش كرد كه له‌ڕووی ئابوریه‌وه بارودۆخی عێراق رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی خراپ بۆته‌وه، ئه‌مه كاریگه‌ری خستۆته سه‌ر هه‌موو بواره‌كانی تری ژیانی هاوڵاتیانی عێراق بۆیه پێویسته هه‌موولایه‌ك به‌تایبه‌تی وڵاتانی هاوپه‌یمان و حكومه‌تی عێراق له‌م قه‌یرانه ئاگادار بن.
له‌لای خۆیه‌وه ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان جه‌بار یاوه‌ر كه له گفتوگۆكه‌دا ئاماده‌بوو، گوتی: "هه‌رێمی كوردستان له‌ناوچه‌ی سنوری سوریا تا خانه‌قین و جهولا كه 1050 كیلۆمه‌ت سنووری له‌گه‌ڵ تیرۆرستانی داعش هه‌یه، تا مانگی هه‌شت هه‌رێمی كوردستان ستراتیژی شه‌ری ته‌نیا بهرگیریكردن بوو چونكه له‌وكاته‌دا داعش هێرشی نه‌كرده سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. له‌ڵام دوای مانگی هه‌شت داعش رووی شه‌ڕی گۆڕی بۆ هه‌رێمی كوردستان و له‌وماوه‌یه كه داعش هێرشی كرده سه‌ر ئێمه به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌كێكی زۆری نوێی له‌ده‌ستدابوو، ئێمه له‌هه‌ندێك ناوچه پاشكهشمان به هێزه‌كانمان كرد، دیاره له‌وكاته‌دا به‌ته‌نیا شه‌ڕمان ده‌كرد چونكه تا كۆتایی مانگی هه‌شت عێراق و ولاتانی ئه‌وروپا و هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا ده‌یانڕوانییه شه‌ره‌كه و هیچ هه‌ڵوێستێكیان نه‌بوو."
جه‌بار یاوه‌ر هه‌روه‌ها گوتی: "دوای مانگی 9 بارودۆخه‌كه گۆڕانی به‌سه‌ردا هات ئه‌مه‌ش به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ عێراق و وڵاتانی دیكه و پێشمه‌رگه له حاڵه‌تی به‌رگرییه‌وه ستراتیجی شه‌ڕه‌كه‌ی بۆ هێرشبردن گۆڕی."
ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئاشكرایكرد كه تا ئێستا هه‌شت وڵاته به‌شدارن له شه‌ڕكردن دژی چه‌كدارانی داعش كه هاوكاری هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان به‌شێكیان شه‌ڕی ئاسمانی ده‌كه‌ن و به‌شێكی تریشیان هاوكاری سه‌ربازی ده‌نێرن، ئه‌گینا وه‌ك شه‌ڕكردن ته‌نیا پێشمه‌رگه شه‌ڕ ده‌كات، تا ئێستا به‌هاوكاری هاوپه‌یمانان به‌شێكی زۆر له‌ناوچه‌كانمان به‌تایبه‌تی له سنوری ره‌بیعه و زوممار و سنجار ئازادكردوون. ئه‌و به‌شانه‌ی كه ئازاد نه‌كراون پێی پلانێكی دارێژراو ئازاد ده‌كرێن.
ئه‌منیداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ره‌تیكرده‌وه هه‌ولێر مه‌ترسی له‌سه‌ر بێ و گوتی: "ئه‌و ناوچانه‌ش هاوسنوری هه‌ولێرین وه‌ك مه‌خمور و گوێڕ هه‌موویان ئازادكراون و هه‌ولێر هیچ مه‌ترسی داعشی له‌سه‌ر نییه. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به كهركوكهیشهوه هه‌یه تا ئێستا هیچ گۆڕانگاریهك رووینه‌داوه."
یاوه‌ر ئاماژه‌ی بهوشكرد كه داعش له قۆناغی ئێستا رووبه‌روی تێكشكانێكی زۆر بۆته‌وه و له حاڵه‌تی هێرشكردن كه‌وتۆته حاڵه‌تی به‌رگریكردن، به‌ڵام ئه‌و به‌رگرییه زۆر لاوازه و توانای شه‌ڕیان له‌به‌رامبه‌ر پێشمه‌رگه نه‌ماوه.