ھەولێر
ئێستا ئاوارە و پەنابەرانی نێوخۆیی لە عێراق بە تایبەت ناوچە سوننینشینەکان، بە لێشاو روو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن.
بەپێی بەدواداچوونێکی ئاژانسی ئانادۆڵو، نزیکەی ملیۆنێک پەنابەر و کۆچبەری سوریایی، ئێرانی، تورکیایی و عێراقی ئێستا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێکراون. بۆ هەرێمێک کە بەگوێرەی ئامارێکی نەسەلمێنراو ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی پێنج ملیۆن کەسە، ژمارەیەکی زۆرە.
بەرپرسانی رێکخراوی مانگی سووری عێراقی دەڵێن لە چاو ژمارەی دانیشتووانەکەی، هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین ئاوارە و پەنابەری ناوخۆیی و دەرەکیی رووی تێکردووە.
بەڕێوەبەری گشتی کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان شکور بارزانی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو روونی کردەوە، تا پێش ھاتنی ئەو عێراقییانەی لە موسڵەوە بەبۆنەی شەڕی چەکدارانی داعش و سوپا کۆچ بۆ ھەرێمی کوردستان دەکەن، ٧٥٥ ھەزار کەیسی ئاوارەی نێوخۆی عێراق و پەنابەرانی وڵاتانی دیکەی وەکو سوریا و تورکیا و ئێران تۆمار کراون.
- پەنابەرانی کوردی سوریایی ٢٢٦ ھەزار و ١٧٤ کەس
- پەنابەرانی کوردی ئێران ٣٠ هەزار
- پەنابەرانی کوردی تورکیا ١٢ هەزار
ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ ھەزار کەس.
دوای دەست بەسەرداگرتنی شاری موسڵ لە لایەن رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام لە رۆژی سێشەممەی رابردوو، سەدان ھەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو شارە ئاوارە بوون بۆ ھەرێمی کوردستان ئەمە بەپێی لێدوانی بەرپرسانی رێکخراوی مانگی سووری عێراقی.
بەڵام فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند چاوەڕێ دەکەن، زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارە لە پارێزگای موسڵ، روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.
بەپێی بەدواداچوونی ئاژانسی ئانادۆڵو بە پشتبەستن بەو ئامارانەی حکومەتی ھەرێم، دەردەکەوێ نزیکەی ملیۆنێک ئاوارەی نێوخۆی عێراق و پەنابەرانی هەرسێ وڵاتی ئێران، تورکیا، سوریا ھەن، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی سێ پارێزگاکەی ھەرێم بەپێی وەزارەتی پلاندانان پێنج ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار کەسە. بەو پێیە لە بەرامبەر ھەر پێنج ھاووڵاتییەک لەم ھەرێمەدا، ئاوارەیەکی نێوخۆیی یان پەنابەرێک ھەیە.
دابینکردنی هاوکاریی و کۆمەک بۆ ئەو ئاوارە و پەنابەرانە، کارێکی ئاسان نییە بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە وا نزیکەی پێنج مانگە حکومەتی عێراق ئاستەنگی خستۆتە بەردەم بودجەکەی. ئەمەیش بێ بازاڕیی و کەمبوونەوەی کار و تێکچوونی باری ئابووریی لێکەوتۆتەوە.
شوکور بارزانی دەڵێ: "ئەو پێشوازییەی ھەرێمی کوردستان لە ئاوارە و پەنابەرانی دەکا، ئەو ئارامی و پێکەوە ژیانەی لێرە ھەیە وای کردووە دانیشتووانی ناوچەکانی دیکەی عێراق و بگرە بەشێک لە وڵاتانی دراوسێ، بە شوێنێکی گونجاوی بزانن بۆ ژیان. بەڵام ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەر کە لەھەرێمدا ھەن زۆر زۆرن، دابینکردنی پێداویستییەکانیان لە توانای حکومەتی ھەرێمدا نییە، بە تایبەت کە بودجەکەی لە لایەن بەغداوە بڕاوە، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی عێراق ھیچ گرنگییەک بە خزمەتکردن یان بەھاناوەچوونی ئەوانەوە نادا، وەک ئەوەی کێشەی ئەو نەبێ، لەکاتێکدا بەپێی دەستوور ئێمە بەشێکین لە عێراق."
بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەکان پەنابەر ئەو کەسەیە بەھۆی کێشەیەکەوە لە وڵاتی خۆی پەنا بۆ وڵاتێکی دیکە دەبا، ھەرچی کۆچبەرە بەو کەسە دەگوترێ کە لەنێوخۆی وڵاتدا بە ناچاری ناوچەیەک جێدەھێڵێ و روو لە ناوچەیەکی دیکەی وڵاتی خۆی دەکا.
ناوەندی چاودێری ئاوارەبوونی نێوخۆیی - IDMC کە بەشێکە لە ئەنجومەنی نەرویژی بۆ پەنابەران، لە دوایین راپۆرتیدا لە کۆتایی مانگی رابردوو ئاشکرای کرد، کۆتایی ٢٠١٣ کۆی ئاوارەبووان بەھۆی شەڕەوە لە جیھاندا گەیشتۆتە ٣٣ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار کەس، کە چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزاری زیاترە لە ساڵی ٢٠١٢، لەمەڕ عێراق راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کۆی ئەو کەسانەی لە عێراق ئاوارەبوون لە نێوخۆدا، ژمارەیان دەگاتە دوو ملیۆن و ١٠٠ ھەزار کەس.
سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی تەڵعەت نەشئەت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشبینی کۆچکردنی ھەزاران ھاووڵاتیی دیکەی پارێزگای موسڵ لە ئارادایە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئێستا ھەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ قەبارەی دانیشتووانی خۆی، زۆرترین ئاوارەی نێوخۆی و پەنابەری دەرەکیی لێیە. لەڕووی داراییەوە ھەرێمی کوردستان توانای نییە خزمەتی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران بکا، باوەڕ ناکەم لە ھیچ وڵاتێکی دیکەی دنیا بەو شێوەیە بێ."
دوای رووداوەکانی سوریا، ھەزاران کەس لەو وڵاتە روویان کردە ھەرێمی کوردستان، بەپێی ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رێژەی ٩٨%ی پەنابەرانی سوریا لە عێراق، لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێ کراون کە ژمارەیان لەسەرووی ٢٢٦ ھەزار کەسەوەیە.
لە کەمپەکانی پارێزگای دھۆک ١٠٢ ھەزار و ٢٠٠ کەس
لە کەمپەکانی ھەولێر ٨٢ ھەزار و ٢٠٠ کەس
کەمپی عەربەت لە سلێمانی ٢٢ ھەزار و ٦٠٠ کەس
زۆرترینی ئەو ئاوارانە لەکەمپی دۆمیز لە دھۆک کە ژمارەیان ٦٩ ھەزار کەسە دەژین.
هەروەها رێژەی ٥٥%ی ئەو پەنابەرانەی سوریا کە لە ھەرێمن لەناو شارەکاندا دەژین و ٤٥%یشیان لە کەمپەکاندا.
شوکور بارزانی ئاماری وردتر لەبارەی پەنابەرانی سوریا دەخاتەڕوو "پێش چەند مانگێک لەمەوبەر ژمارەی ئەو پەنابەرانە گەیشتە زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار کەس، بەڵام زانیارییەکانی وا نیشان دەدەن نزیکەی ٣٥ ھەزار کەسیان گەڕابێتنەوە وڵاتی خۆیان. ئێستا پەنابەران زیاتر لەوانەی کە دێن بۆ ھەرێم دەچنەوە بۆ وڵاتی خۆیان."
بەڕێوەبەری گشتی کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆ گوتی: "لە ھەماھەنگیداین لەگەڵ کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان-UNHCR بۆ ئەوەی بەشێک لەو پەنابەرانەی سوریا لە ھەرێمی کوردستانن، رەوانەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکایان بکەین. UNHCR بەرنامەیەکی پێشکەشی ئێمە کردووە بۆ ناردنە دەرەوەی بەشێک لە پەنابەرانی سوریا لە ھەرێم بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، ئێمە چاوەڕوانی وەزارەتی ناوخۆین لەو بارەیەوە، UNHCR دەتوانێ تا ٣٠٠ ھەزار پەنابەری سوریا لە جیھان بگوێزێتەوە بۆ وڵاتانی دیکە، بەپێی بەرنامەکەش ساڵانە لە ھەرێمی کوردستانەوە ١٠٠٠ پەنابەر رەوانەی وڵاتانی بیانی دەکرێ. بەپێی رێکخراوەکەش چەندین وڵات رەزامەندییان بۆ وەرگرتنی ئەوانە دەربڕیوە لەوانە کەنەدا، ئەمریکا، ئوستورالیا."
بەرپرسی راگەیاندنی کۆمیسیاری باڵای پەنابەران UNHCR لە ھەرێمی کوردستان یوسف مەحمود دەڵێ: "رێکخراوەکەمان پەیوەست نییە بە تۆمارکردن و یارمەتیدانی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق، بەڵکو چالاکییەکانمان بۆ ئەو پەنابەرانەیە لە وڵاتانی دیکەوە ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان."
یوسف گوتی: "بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاسان نییە یارمەتی ئەو ھەموو ئاوارە و پەنابەرانە بدا، بۆیە دەبێ ھاریکاریی نێودەوڵەتی بۆ ئەو مەسەلەیە ھەبێ، ئێمەش لای خۆمانەوە پابەند دەبین بە یارمەتیدانی ئەو پەنابەرانەی کە لەوڵاتانی دیکەوە دێنە ھەرێم و تۆماریان دەکەین."
بەڕێوەبەری گشتی کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی ھەرێم شوکور بارزانی لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێ: "ھەرێم ناتوانێ بە ھیچ شێوەیەک، مافی مانەوە بە پەنابەری سیاسی بە ھیچ کەسێ ببەخشێ، چونکە ئەوە لەدەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدایە."