بەغدا
ھۆزە شیعەکانی باکووری بەغدا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان لە بەرامبەر ھێرشەکانی چەکدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، دەستیان بە چەکدارکردنی ئەندامانی هۆزهكانیان و پێکھێنانی ھێزی چەکداری پاسەوان کردووە.
شاری دوجەیل کە ٥٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی بەغدا دوورە، دوای سامەڕا خاڵی ھەرە ستراتیژییە کە داعش بۆ گەیشتنی بە بەغدا دەبێ لێ تێپەڕ بێ. ھۆزی مەرسومی کە ھۆزێکی شیعەی دانیشتووی ئەو ناوچەیەیە، بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و رێگریکردن لە رویشتنی داعش بۆ بەغدا، ھێزی پاسەوانی پێکھێناوە و ھەموو ئەندامانی چەکدار کردووە.
دەگوترێ سوپای عێراقیش بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی داعش بە بەغدا چەک و تەقەمەنی پێشکەشی ھۆزە شیعەکانی ئەو ناوچانە کردووە.
دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەڵێن دوای داگیرکردنی ناوچە نزیکەکانی دوجەیل، ھۆزی مەرسومی لە دوجەیل ھەموو ئەندامانی هۆزهكهی چەکدار کردووە و ھێزی پاسەوانی پێکھێناوە و ئەو ھێزە خاوەن چەکی زۆر و چەکی قورسە.
رێکخراوی داعش دوای داگیرکردنی موسڵ و تکریت و تەلهعەفەر، ئاماژەی بەوە کردووە کە ھێرش دهكهنه سهر بهغدا و كۆنترۆڵی دهكهن. بۆ گەیشتن بە بەغدا داعش دەیەوێ سەرەتا سامەڕا و دوجەیل لە سەر رێگای موسڵ و بەغدا كۆنترۆڵ بكات.
لە دژی ھێرشەکانی چهكدارانی داعش کە شیعەکانیان کردۆتە ئامانج و دەستیان بە کوشتنیان كردووه، گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێراق ئایەتوڵڵا عەلی حوسێن سیستانی فهتوای جیھادی بۆ شیعەکان دەرکرد.