ھەولێر
ئەمڕۆ لە ھۆتێل رۆتانای شاری هه‌ولێر بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ و ئەفسەرانی پۆلیس لە ھەرسێ پارێزگای ھەولێر، سلێمانی و دھۆک، رێورەسمی کۆتاییهاتن به پرۆژەی سیستەمی سزادان بە ئامێری ئەلکترۆنی لە رێگه‌ی ئێس ئێم ئێس (كورته‌نامه‌ی مۆبایل) بەرێوەچوو.
ئەوپرۆژەیە كه تا ئێستا نزیگەی نیو ملیار دیناری تێچووە، سه‌ره‌تا تەنیا لە پارێزگاكانی ھەولێر و دھۆک جێبەجێ دەکرێ و لە حەفتەی ئایندە سیستمه‌كه ده‌كه‌وێته كار.
وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان کەریم شه‌نگالی لە رێوەرەسمەکەدا گوته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و گوتی: "ھیواخوازین ئەو خزمه‌ته تهكنهلۆجیه ببنه ھۆی کەمبوونەوەی سەرپێچی و رووداوەکان. ھەروەھا دروستبوونی قەرەباڵغی بە ھۆی زیادی ئوتۆمبێل لە شارەکان لەو چەند ساڵەی دوایدا وای کرد کە وەزارەتی ناوخۆ بە ھاوکاری پسپۆڕان و سوود وەرگرتن لە ئەزمونی وڵاتانی پێشکەوتوو و تەکنەلوجیای سەردەم، پلانی ستراتیژی بۆ پیشخستنی بواری ھاتوچۆ دابنێ کە ئەویش کاریگەری باشی ھەبوو."
لیوا رزگار بە رێوەبەری گشتی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان بۆ پەیامنێران گوتی: "ئێمە لە ھەوڵ و کوششی به‌رده‌وامداین بۆئه‌وه‌ی رووداوەکانی ھاتوچۆ کەم بکەینەوە. لە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە ملیونێک و ٢٠٠ ھەزار ئوتۆمبێل ھەیە، بویە ھەموو رێگه‌چاره‌یه‌كمان گرتوتە بەر تا بتوانین رووداوەکان کەم بکەینەوە."
له‌باره‌ی ئه‌و ئامێره ئهلكترۆنیهش لیوا رزگار گوتی: "بێجگە لەو ئامێرە ئەلکترونییە، چەندین ئامێری دیکە ھەن کە رۆژانە کاری پێدەکەین وەک ئامێری پشکنینی خواردنەوەی مەی و بەکارھینانی کامێراکان لە رێگاکان ئەویش تەنیا بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرپێچیەکان و پابەند بوون بە ھێماکانی ھاتوچۆ یە. ھەروەھا لە ١٧ رووداوی ھاتوچۆ لە ھەرێم، ٩ رووداو بەھوێ خێراییە و ٧ رووداو بە ھوێ کەمتەرخەمی شوفێران و تەنیا یەک رووداو بە ھوی مەرجەکانی ئوتۆمبێلە."
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان له به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا گوتی: "دادانی ئه‌م سیسته‌مه بۆ ئەوەیه کە شوفێران گلەی نەکەن لە کاتی خۆی له سزاكانیان ئاگادار نەکراونەتەوە ئه‌مه بێجگه له كه‌مبوونه‌وه‌ی قه‌ڵه‌بالغی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی سه‌ر به هاتوچۆ.
له‌باره‌ی رێژه‌ی رووداوه‌كانیش لیوا رزگار گوتی: "بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو، ژمارەی قوربانیانی ھاتوچۆ و رووداوەکان کەمی کردووە. لەگەل ئەوەش ژمارەی توتۆمبێل و وەرگرتنی مۆڵەتی لێخوڕینی ئوتۆمبێل بەردەوام له زیادبووندایه."
ھەروەھا لە بارەی کاریگەری ھاتنی ئاوارەکانی بیانی و ناوخۆ بۆ هه‌رێم و قەرەباڵغی ھاتوچۆ گوتی: "خۆشبەختانە تا ئێستا توانیومانە بە ھەموو شێوەیەک کۆنترۆڵی ترافیک و رووداوەکان بکەین."
به‌پێی ئه‌و سیستمه نوێیه هه‌ر شوفێرێك سه‌رپێچی له یاساكانی هاتوچۆ و خێرایی بكات، ئه‌وا له رێگه‌ی كورته‌نامه‌ی مۆبایل SMS له سزادانه‌كه‌ی ئاگادار ده‌كرێته‌وه.