بەغدا
رەوتی سەدر کە کەسایەتی دیاری شیعە لە عێراق موقتەدا سەدر سەرۆکایەتی دەکا، ھێزێکی چەکدارییان بۆ پاراستنی مەزارگە ئاینییەکانیان لە ژێر ناوی "سەرایا ئەل سەلام" پێکھێناوە، وەک خۆیان ئاماژەیان بۆ کردووە.
بە ھەزاران لە لایەنگرانی رەوتی سەدر خۆبەخشانە لەسەر داوای سەرکردەکەیان چەکیان ھەڵگرتووە و ھێزێکی چەکدارییان پێکھێناوە.
ئەو ھێزە چەکدارە ئەمڕۆ لە ناوچەی سەدر لە رۆژھەڵاتی شاری بەغدای پایتەخت، نمایشێکی سەربازییان ئەنجام دا.
بەپێی زانیارییەکان، نمایشە سەربازییەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، لەگەڵ نوێنەرانی ھەندێ لایەنە سیاسی و رێکخراوە ناحکومییەکان و بە ھەزاران کەسی شیعەمەزھەب لە رێوشوێنێکی ئاسایشی تونددا لە گۆڕەپانی موزەفەر لە ناوەڕاستی ناوچەی سەدر بەڕێوە چووە.
چەکدارەکان بە جلوبەرگی سەربازییەوە نمایشەکەیان ئەنجام داوە.
لە ماوەی رابردوودا ئەندامی کولتەی ئەحڕاری سەر بە رەوتی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، حەکیم زەمیلی، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە ئەنجامدانی ئەم نمایشە سەربازییەی ھێزە چەکدارەکانی رەوتەکەی کردبوو.
ئەو ئەندامە رایگەیاندبوو، ئەنجامدانی ئەم نمایشە سەربازییە پەیامێکی ھۆشداری و کارتی سوورە بۆ چەکدارانی داعش لەوەی نەتوانن بیر لە پەلاماری و ھێرشی سەر مەزارگە شیعە مەزھەبەکان بکەنەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆکی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر، بانگەوازی بۆ چەند لایەنێکی سیاسی شیعە مەزھەب کرد کە ھێزێکی چەکدار وەک خۆی گوتویەتی بۆ "پاراستنی مەزارگە و شوێنە ئاینییەکان" لە ژێر ناوی "سەرایا ئەل سەلام" پێکبێنن.