جنێڤ
گوتەبێژی کۆمیساری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئادریان ئەدوردس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لهبارهی رهوشی عێراق گوتی: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، ٥٠٠ ھەزار کەس لە ئەنبار بە ھۆی رووداوەکانی ئەو ناوچەوە و ٥٠٠ ھەزار کەسی دیکە بە ھۆی دەستبەسەركردنی موسڵ لە لایەن چەکدارانی داعشەوە ئاوارە بوونە و بەوجۆرە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا بە گشتی یەک ملیۆن کەس لە عێراق ئاوارە بووە، بەڵام ھێشتا ھیچ جۆرە زانیارییەکی راست و دروستمان لە بەردەستدا نییە کە چەندە لەو ئاوارانە لە ھەرێمی کوردستانن و چەندی دیکەیان لە ناوچەکانی دیکەدان."
ئەدوردس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "نیوەی زۆری ئەو کەسانەی ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێھێشتووە، منداڵن و تا ئێستا ھیچ زانیارییەکمان پێ نەگەیشتووە کە ئەو ئاوارانە ھەوڵی بەزاندنی سنووری وڵاتێکی دیکەیان دابێ و ھەر ھەموویان لە نێو سنورەکانی عێراقدا ئاوارەن. ئێمە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرامبەر رەوشی ئەمنی کەمپی پەنابەرانی سوریا لە رۆژئاوای عێراق نیگەرانین چونکە دوێنێ شەو لە دەورووبەری ئەو کەمپەدا شەڕ روویداوە و پەنابەرە سورییەکانیش زۆر ترساون."
گوتهبێژی كۆمیساری باڵای پهنابهرانی سهر به نهتهوه یهكگرتووهكان ههروهها گوتی: "زیاتر لە ھەزار و ٥٠٠ ئاوارەی سوری لە نێو ئەو کەمپەدان و نزیکەی سێ ھەزار و ٥٠٠ کەسی دیکە لە دەوروبهری ئەو کەمپە نیشتەجێن."
ههر لهمبارهوه گوتەبێژی رێکخراوی کۆچی جیھانی کریستیان بەرتھیاوم گوتی: "ئێمە وەکو رێکخراوی کۆچی جیھانی تا ئێستا توانیومانە هاوكاری بگەیهنینە ١٤٣ ھەزار ئاوارەی عێراقی، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین ھاوکاری زیاتری ئاوارەکان بکەین، ھەم رێژەی کارمەندانمان کەمە و ھەم پرس و گرفتە ئەمنییەکانیش رێگریمان لێ دەکەن. بۆ ئەوەی بتوانین ھاوکاری پێشکەشی ئەو ئاوارانە بکەین پێویستیمان بە ٥٠ ملیۆن دۆلار ھاوکاری ھەیە."
ھەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا گوتەبێژی کاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان جەنس للائەرک گوتی: "بۆ گەیاندنی ھاوکاری بە خەڵکی عێراق، ئەمڕۆ نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی ئەو رێکخراوە لە جنێڤ کۆبوونەوە و مەبەست لەو کۆبوونەوەیە رەچاوکردنی ستراتیژیەتی ھاوکاریکردنی خەڵکی عێراقە."
گوتەبێژی رێکخراوی خۆراکی جیھانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەلیزابێت بیارس له كۆنگره رۆژنامهوانییهكهدا گوتی: "بۆ ئەوەی بتوانین باشتر ھاوکاری ئەو خەڵکە بکەین، نووسینگەکانی ھەولێرمان تۆزێک گەورەتر کردووە و ژمارەیەکی دیکەی ئەنداممان روانەی ھەولێر کردووە."
گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستی جیھانی فادلا چایب گوتی: "بۆ گەیاندنی ھاوکاری زیاتر بە ئاوارەکان، بڕیارمان داوە لە رووی پێداویستی پزیشکی و تەندروستییەوە ھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین، چونکە بەھۆی شەڕەوە حکومەتی عێراق پێداویستی پزشکی و تەندروستی روانەی ھەرێمی کوردستان ناکا، ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی زۆری ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستاندان بۆیە ئێمە بڕیارمان داوە لە رووی دابینکردنی پێداویستی پزیشکی و تەندروستییەوە ھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین."