ئەنبار
دوای ئەوەی چەكدارانی داعش 245 كەس لە ئەندامانی هۆزی ئەبو نمر و پۆلیس لە ناوچەی ئەزوییە سەربە قەزای هیت لە رۆژئاوای شاری رومادی لە ناوەندی پارێزگای ئەنبار دەیان رفێننن و دواجار سەرجەمیان گوللەباران دەكەن.
فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەكانی پارێزگای ئەنبار رەشید فلەیح لە لێدوانێكدا وێرای پشتراستكردنەوەی زانیارییەكانی سەرەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " 47 لەو 245 كەسە چەكدارانی داعش لە ناوچەی بەكر لە ناوەڕاستی قەزای هیت و 198كەی دیكە لە ناوچەی ئەبو عەساف لە باكووری شاری رومادی گوللەباران كراون."
فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەكانی ئەنبار ئاماژەی بەوەشدا، ئەو 245 كەسە لە كاتی هێرش و كۆنترۆڵكردنی ناوچەی ئەزوییە سەربە قەزای هیت رفێنراون و سەربە هۆزی ئەبو نمر و پۆلیسبوون و تەمەنیانیش لە نێوان 18 تا 60 ساڵە.
بەپێی ئەوەی رەشید فلەیح باسی لێوەكرد، هۆكاری گوللەبارانكردنی ئەو 245 ئەندامەی هۆزی ئەبو نمر و پۆلیس، ئەوەبوو كە شەڕیان لە دژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام كردبوو.
لە كۆتایی قسەكانییدا فلەیح ئەوەی دووپاتكردەوە، كە بەم زووانە ئۆپەڕاسیۆنێكی فراوان بۆ شەر قەزای هیت كە ئێستا لە ژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی داعشدایە دەسپێدەكات بۆ ئەوەی تەواوی قەزا و ناوچەكانی چواردەورەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی داعش رزگاربكرێنەوە.