هەولێر
لە سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵ چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش شاری موسڵیان كۆنتڕۆڵكرد دوای بەدوای ئەوە هێرشیانكردنە سنوری قەزای شنگال لە رۆژانی 3ی مانگی ئاب قەزای شنگالیان كۆنتڕۆڵ كرد.
قەزای شنگال بۆ سێ مانگ دەڕوا لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كۆنتڕۆڵكراوە، كوردیش گرتنەوەی قەزاكەیان بەلاوە گرنگە لەو رەوەوەی ئێزدییەكان لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رووبەڕووی "جینۆساید" بوونەتەوە.
هەر ئەوەش وایكردوە، لە سەرەتای مانگی 10ی ئەمساڵ كاتێك هێزەكانی پێشمەرگە هێرشیان بۆسەر سنووری بەعشیقە و رەبیعە چڕ كردەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی راستەوخۆ سەرپەرشتی بەرەكانی شەڕی پێشمەرگەی كرد.
لەدوای كۆنتڕۆڵكردنی سنووری رەبیعە و دەوروبەری 25ی ئەم مانگە هێزەكانی پێشمەرگە توانیان ناحیەی زوممار و نزیكەی 15 گوند لەو سنوورە لە چەكدارانی داعش پاك بكەنەوە و چەكدارانیان ناچار بە پاشەكشە كرد.
دوای ئەوەی داعش توانییان قەزای شنگال و دەوروبەری كۆنتڕۆڵ بكەن، بەو هۆیەوەش دەیان هەزار هاووڵاتی ئێزدی ئاوارەبوون و ژمارەیەكی زۆریشیان دەستبەسەركران بەتایبەتی ژنان و كچان، لەوكاتەدا حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەو رووداوەی بە "كارەسات و جینۆساید" لەقەڵەمدا.
بەرپرسی لقی شێخانی پارتی دیموكراتی كوردستان، عەلی عەونی دەڵێ: "كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگاڵ پێوستە و دەبێ ئەو كارەش بكرێ چونكە سەركردایەتی كورد و حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریان داوە دەبێ بەهەرشێوەیەك بێ شنگاڵ كۆنتڕۆڵ بكریتەوە".
عەونی پێیوایە كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگال ئاسان نییە بەڵام وەك ئەو دەڵێ "سركردایەتی كورد بریاری داوە، نابێ رابوەستین ناوچەكە كۆنتڕۆڵ بكرێتەوە ئاسانە یان ئاسان نییە ئەمە كارێكی پێوستە و دەبێ ئەنجام بدرێ".
پەرلەمانتاری ئێزدی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مەحما خەلیل بۆ ئانادۆڵو دەڵێ: "لەدوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی زوممار و دەوروبەری ئێستا مەعنەویاتی خەڵكی شنگال بەرز بووەتەوە بەوەی كە پێیانوایە كۆنتڕۆڵكردنی شنگال نزیك بووەتەوە، چونكە پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە بەردەوامە و چەكدارانی داعش بەرەو شكان دەڕۆن".
لە ئێستا ژمارەیەك هێزی پێشمەرگەو خەڵكی ناوچەكە لەسنووری چیای شنگال چەكیان هەڵگرتوە، پەیتا پەیتا فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان هێرش دەكەنە سەر چەكدارانی داعش لە سنوورەكە ئەوەش وایكردوە، داعش نەیتوانیوە چیای شنگال كۆنتڕۆڵ بكات.
مەحما خەلیل زانیاری لەبارەی سنووری پێشمەرگە لەگەڵ قەزای شنگال دەخاتەڕوو و دەڵێ: "هێزی پێشمەرگە لەدوای كۆنتڕۆڵكردنی ناحیەی زوممار و ژمارەیەك گوند لە ئێستا نێوانی سنووری شنگال و پێشمەرگە نزیكەی حەڤدە كیلۆمەترێك دەبێ بێگومان ئەمەش دڵخۆشكەرە كە گرتنەوەی شنگال نزیك بووەتەوە".
دوای پاشەكشەپێكردنی داعش لە زوممار شەڕ نزیك بووەتەوە لە شنگال و لە نوێترین پێكدانانی هێزەكانی پێشمەرگە و داعش كە رۆژانی رابردوو رویدا لەناوچەی سوممە لە باشووری شنگال، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا داعشیان كردووەتەوە ئامانج لە هەمان ناوچە و زیانیان پێگەیاندوون.
هەر لەبارەی هێرشی پێشمەرگە بۆ سەرداعش، لە دوایین لێدوانی لەبارەی شەڕی نێوان چەكدارانی داعش و پێشمەرگە سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لە دیدارێكی لەگەڵ نوێنەری وڵاتانی هاوپەیمان لە شەڕی دژی داعش راگەیاند "داعش توانای ڕووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی پێشمەرگەی نەماوە، لەقۆناغی ئێستا پشتیان بە خۆكوژ و دانانی تەقەمەنی مین و بۆمبی چێندراو بەستووە."