هەولێ
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان د. پشتیوان سادق ئاشكرایكرد كه بڕیاری تایبەت بە دەستپێکردنەوەی خوێندن، بڕیارێکی راست بوو و من وەک وەزیری پەروەردە لێی پەشیمان نیم. راستە هەندێک گرفت لە بەردەم پرۆسەکەدا هەیە، بەڵام نەمان ویست خەونی تیرۆریستان بێتەدی، چوونکە لەسەردەمی شۆرشی ئەیلول فرۆکەکان ناوچەکانیان بۆردوومان دەکرد، کەچی پرۆسەی خوێندن ئەو کات رانەوەستا، ئێستا چۆن دەبێ بڕیاری راوەستانی بۆ بدەین؟
سەبارەت بە کێشەکانی بهردەم پرۆسەی خوێندن وەزیری پەروەردە گوتی: "ئێستا لەکۆی ٧ هەزار قوتابخانە، ٧٠٠ قوتابخانە کە زۆربەیان دەکەوێتە شاری دهۆک، ئاوارەی تێدا نێشتەجێبوونە و لە و قوتابخانانە خوێندن وەستاوە، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامە و لیژنەی تایبەت لەمباریەوە پێکهێنراوە و چارەسەری کێشەکان دەکات، هەروەها هەندێک کێشەی دیکە هەن، وەک کەمی مامۆستا کەمی بینا کەمی بوودجە بۆ باش راپەراندنی کارەکان بەڵام هەوڵ دەدەین زاڵبین بەسەر ئەو کێشانە. ئێستا ئێمه پێویستینا به زیاتر له 2000 قوتابخانه و ههروهها زیاتر له 4000 مامۆستا ههیه."
وەزیری پەروەدەی ئاماژهی بهوهش كرد كه هەندێک لەو کێشانەی ئێستا هەن کێشەی رابردوون، ئەمانیش خۆی لە کەمی مامۆستا و بینا و هۆڵە جیاوازەکانی تایبەت بەخوێندن دەبینێتەوە، بەڵام گەوەرترین گرفتی بەردەمی پرۆسەکە بوونی ئاوارەکانە لە باڵاخانەی قوتابخانەکان، بۆهەر کێشەیەک پلان و پرۆژەی خۆمان هەیە و بەوهیوایەین بە زوویی ئهم كێشانه چارەسەر بکەین.
سەبارەت بە رێژەی ئەو قوتابخانانەی کەخوێندنی تێدا راوەستاوە. وەزیری پەروەردە گوتی: "پێشتر لە سهدا ١٠ی قوتابخانەکان ئاوارەی تێدا بووە، ئێستا ئەم رێژەیە کەمبۆتەوە و بەدەیان قوتابخانە لە ئاوەرەکان چۆڵکراون و هەندێک قوتابخانە دوو دهوام و سێ دەوامی تێدا دەکرێ ئهمهش بۆ ئەوەی خوێندن رانەوەستێت. بۆ چۆڵكردنی تهواوی قوتابخانهكان له ئاوارهكان كاتمان پێویسته.
سەبارەت بە خوێندنی قوتابییه ئاوەرەکان، د. پشتیوان سادق گوتی: "ئێمە توانیمان لە کەمپەکان قوتابخانە بۆ قوتابیانی ئاوارە بکەینەوە، بەڵام بۆ ئەوانەی تازە هاتوون و ئاوارە بوونه و لەدەرەوەی کەمپن و لە خوێندن دابڕاوان، تا کەمپەکان دادەمەزرێ کە بریارە چەند کەمپێک دابمەزرێ، ئەوکات لەو کەمپانەش قوتابخانەیان بۆ دەکەینەوە و مامۆستا و هەروەها پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکەین."
لەبارەی دواکەوتنی موچەی مامۆستایانی کوردستان و ئەگەری مانگرتنیان بهوهۆیهوه، وەزیری پەروەردە گوتی: "ئێستا هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی دارایی تێپەر دەبێت. نەک تهنیا مامۆستا، بەڵکو زۆربەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان موچەیان دواکەتووە، مامۆستایانیش بەشێکن لەو سیستەممە و پێمان وایە مامۆستا چۆن لە رابردوو رۆڵیان هەبووە کۆڵیان نەداوە، ئێستاش بەهەمان شێوە رۆڵێان دەبێ و لەگەڵ هاتنی مووچە بۆ تەواوی فەرمانبەران وەزارەتی پەروەردە زامنی مووچەی ئەوان دەکات کە لە کاتی خۆی موچەیان بۆ دابین بکات، بۆیە بەدووری دەزانین مامۆستایان پەنا ببنە بەر مانگرتن."
سەبارەت بە دابەزینی ئاستی زانستی خوێندن کە گوایە خوێندنی بنەڕەتی لە ساڵەکانی هەشتا، بەبەراورد لەگەڵ ئێستا باشتر بووە، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان گوتی: "من لەگەڵ ئەو رایە نێم و چ بەڵگەیە هەیە کە ئەوە نیشان بدات ئاستی خوێندن نزمە و یان ئاستی زانستی خوێندن لە هەرێم دابهزیوە، من ئەو رایە رەتدەکەمەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەم کە هەوڵبدرێت بەیەکەوە ئاستی خوێندن باشتر بکەین و ئەوەش خواستی ئێمە بووە و لەبەرنامهماندایە ئاستی زانستی خوێندن باشتر بکەین."
لە کۆتایی دا لەوڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵو لەوەی کە پێشتر سەرجەم وەزیرەکانی پێشووی پەروەردە تەنانهت خۆشیان کادیری حزبی بوونە لەدەرەوەی پسپۆڕیەتی پەروەردە هاتوون و بوونەتە وەزیری پەروەد، وەزیری پەروەردە د. پشتیوان سادق گوتی: "کاری وەزیر کاری ئیدارییە، نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێ کە ماوەی شەش ساڵ وەک مامۆستای زانکۆ وانەم گوتۆتەوە، هەرچەندە تەمەنی کاری حزبایەتیم درێژ بووە، بەڵام ئەوە نابێتە گرفت تا ببین بە وەزیری پەروەردە و بهشداربین له بەرەو پێشەوە بردنی پرۆسەکە، چونکە وەک گوتم کاری وەزیر زیاتر ئیدارییە و زیاتر پەیوەندی بە بواری ئێدارەوە هەیە."
د. پشتیوان سادق یەكێکە لە سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و پێشتر بەرپرسی لقی دوو و هەروەها ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ١٨-٦ – ٢٠١٤ پێكهێنرا، د. پشتیوان سادق وەک وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەسنیشان کرا.