واشینتۆن
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاندووە كە فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای ئەو وڵاتە لە ماوەی ٧٢ كاتژمێری رابردوودا ٣٥ ھێرشی ئاسمانییان كردووەتە سەر مۆڵگەكانی چەكدارانی رێكخڕاوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش لە دەوروبەری بەنداوی موسڵ و ٩٠ مۆڵگەی تیرۆریستانیان لەناو بردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پەنتاگۆن)، جۆن كێربی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە ماوەی ٧٢ كاتژمێری رابردوودا لەسەر داوای سوپای عێراق، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا لە دەوروبەری بەنداوی موسڵ ٣٥ ھێرشی ئاسمانییان كردووەتە سەر مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعش و ٩٠ مۆڵگەی تیرۆریستانیان لەناو بردووە."
كێربی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە "بەنداوی موسڵ لە دەستی تیرۆریستان رزگار كراوە و سوپای عێراق بۆ زیاتر كردنی رووبەری ئەو شوێنەی كۆنترۆڵی كردووە لە ھەوڵی بەردەوام دایە."
كێربی ئاماژەی بەوە كرد كە وەزیری بەرگری ئەمریكا سەربەرزە بەو سەربازانەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەیان ئەنجامداوە و سەربازانی ئەمریكایی ئامادەن بۆ درێژەدان بەو ھێرشانە، ئەگەر پێویست بكات.