دیاربەكر
دوای دەرچوونی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی پەیكەری ئەندامێكی كوژراوی پارتی كرێكارانی كوردستان بەناوی مەحسوم كۆركماز، لە لایەن دادگای شارۆچكەی لجێیەوە، تیمەكانی جەندەرمەی توركیا ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ سەر گوندی سیسێ (یۆڵچەتی) سەر بە شارۆچكەكە رێكخست.
بۆ رێگریكردن لە تیمی ھێزە ئەمنییەكان گروپێك كە لە شەوی رابردووەوە بەربەستیان دروست كردبوو، بە بەرد و كەلوپەلی ئاگرینە رووبەڕووی ھێزە ئەمنییەكان بوونەوە، لە بەرامبەردا تیمەكانی جەندەرمە بە گازی فرمێسكرێژ ھەوڵیان دا بڵاوە بە خەڵكەكە بكەن.
بەھۆی بەكارھێنانی چەك لە لایەن ھەندێك لە خۆپێشاندەران، رووداوەكە تەشەنەی سەند و بەھۆیەوە كەسێك بە ناوی مەھدی تاشكن كە تەمەنی ٢٤ ساڵە بریندار بوو، دوای چارەسەری سەرتایی لە نەخۆشخانەی لجێ، رەوانەی نەخۆشخانەی پزیشكی زانكۆی دیجلە كرا و سەرەڕای ھەوڵی پزیشكان، گیانی لەدەستدا. ھەروەھا لەو رووداوەدا دوو خوێندكاری دیكە كە ھێشتا ناویان ئاشكرا نەكراوە بریندار بوون و برینی یەكێكیان سەختە.
لەكاتی گەڕانەوەی تیمەكانی جەندەرمە كە بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەیان كردبوو لە سەر رێگای لجێ گروپێك كە زۆرینەیان منداڵ بوون بە بەرد ھێرشیان كردە سەر ئۆتۆمبێلە سەربازییەكان.
مەحسوم كۆركماز كە ئەندامێكی باڵا و یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان بووە، لە ساڵی ١٩٨٦ لە شرنەخ، چیای گابار كوژراوە.