ھەولێر
چالاکوانێکی مافەکانی تورکمان لەسەر رەوشی دانیشتوانی ئامرلی راپۆرتێک دەداتە یۆنامی و دەڵێ ئەگەر داعش بچنە نێو ئامرلییەوە جینۆساید لەدژی تورکمانەکان دەخوڵقێنن، چونکە تورکمانەکانی شارۆچکەکە شیعەمەزھەبن.
چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە تایبەتمەندە بە بەرگریکردن لە مافەکانی تورکمان هیمان رهمزه راپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی دانیشتوانی ناحییەی ئامرلی سەر بە قەزای دووزخورماتوو دەداتە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق یومانی و لە راپۆرتەکەیدا باس لە ئەگەری روودانی کارەساتی مرۆیی دەکات لەماوەیەکی نزیکدا.
چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنیی تایبەتمەند بە مافی تورکمانەکان ھیمان رەمزی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ناحییەی ئامرلی زیاتر لە دوو مانگە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە گەمارۆدراوە و دانیشتوانەکەی بۆخۆیان بەرگری دەکەن، نەبوونی خزمەتگوزارییەکانیش دانیشتوانی شارۆچکەکەی رووبەرووی چەندین گرفت کردۆتەوە و چەندین منداڵ بەھۆی نەبوونی شیر و ئاوی پێویست و چەندین دایکی دووگیانیش گیانیان لەدەست داوە."
ھیمان پێیوایە بەھۆی ئەو کوشتارانەی لهلایهن چهكدارانی داعشهوه دهرههق به ئێزدییهكان كراوه، چاوی راگەیاندن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کەمتر لەسەر رەوشی تورکمانانی ئامرلییە بۆیە ئەوان ھێشتا نەبوونەتە جێی سەرنج و گوتی: "دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق و ھەرێمیش بەدەنگ بێن و ئاگاداری رەوشی تورکمانەکانی ئامرلی بن کە بەمنزیکانە رووبەرووی کارەساتی مرۆیی گەورە دەبنەوە بەھۆی ئەو گەمارۆیەی چەکدارانی داعش لەسەریان."
ھێمان کە سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتەکەی بوو تا بیدات بە نەتەوەیەکگرتووەکان لەرێگەی نووسینگەیانەوە لە عێراق، بە پەرۆشییەوە دەیگوت: "تورکمانەکانیش وەکو ئێزیدییەکان رووبەرووی جینۆساید دەبنەوە ئەگەر چەکدارانی داعش بچنە نێو شارۆچکەکەوە، چونکە دانیشتوانەکەی تورکمانی شیعەن و شیعەبوونی ئەوانیش وا دەکات زیاتر ببنە ئامانجی داعش."
ناحییەی ئامرلی سەر بە قەزای دووزخوماتووە کە (١٧٥) کیلۆمەتر لەبەغداوە و ٢٧ کیلۆمەتر لە دووزخورماتوو دوورە، دانیشتوانەکەی زیاتر لە ٢٠ ھەزار کەس دەبن و زۆرینەی ھەرە زۆریان لە تورکمانی شیعە مەزھەبەن، ھەڕەشەکانی چەکدارانی داعش نزیکەی پێنج ھەزار کەسی لەدانیشتوانی ئەو شارۆچکەیە ئاوارەی شوێنەکانی دیكه کردووە.
بەڕێوەبەری ناحییەی ئامرلی عادل شوکور کە یەکێکە لەو کەسانەی لەنێو ناحییەکەدا ماوەتەوە و بەرگریی دەکات، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "زیاتر لە دوو مانگ و دە رۆژ دەبێ ناحییەکەمان لەلایەن چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی داعشەوە بە ھەموو رووەکانییدا بە ٣٦٠ پلە گەمارۆدراوە، ئەوان ھێرش دەکەن و ئێمەش بەرگریی لەخۆمان دەکەین، ھەر کەسێک لە دانیشتوانی ناحییەکە کە زیاتر لە ١٥ ھەزار کەسی تێداماوە لەسەروو ١٨ ساڵ بێ چەکی ھەڵگرتووە و بەرگریی لەخۆمان دەکەین و ئێرە بۆ داعش چۆڵ ناکەین."
ھێرشەکانی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لەپاش کۆنترۆڵکردنی موسڵ لە نۆی حوزەیرانی رابردوو، تەنھا شیعە مەزھەبەکان و ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکانی عێراقی کردبووە ئامانج، بەڵام ئێستا بۆ چەکدارانی داعش جگە لە سوننە مەزھەبەکان، سەرجەم پێکھاتەکانی تری عێراق ئامانجن، كۆمكوژییهكانی چەند رۆژیه رابردووشیان لەدژی ئێزدییەکان بەبیانووی پەرستنی خۆر و ھەڕەشەکانییان بۆ مەسیحییەکان، بەڵگەی ئهو قسانهن.
شوکور لەبارەی رەوشی مرۆیی دانیشتوانی ناحییەکە قسەکانی ھێمان رەمزی دووپات کردەوە و گووتی: "بارودۆخی مرۆیی زۆر زۆر خراپە و بەھۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانەوە پێشبینی روودانی کارەسات دەکەین، چونکە شیری مناڵ و ئاو و کارەبا و پێداویستی پزیشکی تا دێ لە شارۆچکەکەمان بەرەو کەمبوونەوە دەچێ و چەندین ژنی دوو گیان و مناڵیش بەھۆی ئەوەی له ئامرلی روودەدا گیانیان لهدهستداوه."
بهڕێوهبهری ناحییهی ئامرلی باسی لەوەشکرد کە رۆژانە بە تانک و ھاوەن و کاتیۆشا و چەکی دیکەشەوە داعش شارۆچکەکەیان بۆردومان دهكات، بەڵام بەرگریی ئەوان و ھێرشەکانی فرۆکەکانی عێراق رێگرن لەوەی چەکدارانی داعش بچنە نێو شارۆچکەکەوە.
بەڕێوەبەری ناحییەی ئامرلی لەرێگەی ئاژانسی ئانادۆلوەوە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەھانایانەوە بچن و یارمەتیی پزیشکی و پێداویستیی مرۆیی بگەیەنن بە دانیشتوانی شارۆچکەکە چونکە تا دێ بارودۆخی ئەوان لەخراپبووندایە.
ھیمان رەمەزی لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ ئانادۆڵو داوای لە پەرلەمانتارانی تورکمان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد زیاتر بەدەم دانیشتوانی ئامرلی بچن و ھەوڵ بدەن ئەو دۆسییە بە نێودەوڵەتی بکەن و ھاریکاریی زیاتر بکرێن و ئەو شارۆچکەیە لەو نەھامەتییە رزگاربکەن.