ھەولێر
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ھەریەك لە وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری ژینگە عەبدولڕەحمان عەبدولڕەحیم و گوتەبێژی دەستەی ژینگە لوقمان شیروانی و ئەندام پەرلەمانی پێشوو بێریڤان ئیسماعیل سەرھەنگ پێشانگایەك لە پاركی شانەدەر كرایەوە.
پێشانگاكە لە ژێر ناونیشانی "7 ملیار خەون لە نێو یەك ھەسارە با بە وریاییەوە بەكاری بھێنین" بەڕێوە چوو. هەروەها قوتابیانی چەند قوتابخانە و باخچەی ساوایان بەمەبەستی دووبارەسازی چەندین بەرھەمی كاری دەست و وێنە وكەلوپەلی نێو ماڵیان نمایش كرد.
لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە چالاكییەكانی ژینگە، عەبدولڕەحمان عەبدولڕحیم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەكو ئەنجوومەنی باڵای ژینگە و وەزارەتی ناوخۆ كۆمەڵێك چالاكیمان ئەنجام داوە و كارمان لەسەر ئەوە كردووە كە سبەینێ سەعات 11 بۆ 11:02خولەك لە سەرانسەری ھەرێمی كوردستان بەمەبەستی رێزلێنان لە ژینگەی جیھانی ھەموو ئوتۆمبێلەكان دەكووژێنەوە.
بۆ ئەم مەبەستەش سبەی لە گوتاری ھەینی مامۆستایانی ئاینی لە مزگاوتەكان باسی رۆڵی ژینگە دەكەن.
وەزارەتی شارەوانی پەیوەندی پێوە كردووین بۆ كاركردن لە سەر عینوانی ئەو كەسانەی كە پاك و خاوێنی شارەكان رادەگرن لە خزمەتگوزارییەوە بگۆڕدرێت بۆ ژینگە پارێزیی.
ناوبراو لە درێژەدا گوتیشی: "بۆ بەرزراگرتنی ئەم رۆژە كۆمەڵێك بەرنامەی كار و چالاکی لە ناوچەکانی جیاوازی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵگەی مەدەنی و فەرمانگەكان بەمەبەستی بەرزكردنی ئاستی ھۆشیاری لە ھەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەین".
عەبدولڕەحمان عەبدولڕەحیم لە كردنەوەی پێشانگەكەدا گوتی: "جێی بەختەوەرییە كە ژینگەی ھەرێمی كوردستان زۆر باشە".
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ھەرچەندە ئاو و ھەوا و خاكی ھەرێم زۆر باشە بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی نەمانتوانیوە وەكو پێویست ئەو پاشماوانەی كە دروست دەبن بتوانین دووبارە بە كاریان بهێنینەوە".
ئەندام پەرلەمانی پێشوو لە خولی سێیەم بێریڤان ئیسماعیل سەرھەنگ کە زۆر گرنگی بە ژینگەی کوردستان دەدا و باسی ژینگەپارێزی ئەم هەرێمەی دەکرد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ژینگە بوارێكی تازەیە لە ھەرێمی كوردستان و چونکە رێژەی كارگەكانی ھەرێم كەمن، كاریگەریی ئەوتۆیان لەسەر پیسبوونی ژینگە نییە. ھەندێك لە ھاووڵاتییان گرنگییەكی كەم دەدەنە ژینگە. پێویستە لە وەزارەتی پەروەردە بەرنامەیك بۆ پاك و خاوێنڕاگرتنی ژینگە بخرێتە سیستەمی خوێندنەوە بۆ ئەوەی پتر کاریگەر بێت لەسەر پەروەردەی نەوەی نوێ بە پاراستنی ژینگەکەیانەوە".