ھەولێر
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكوومی لە ھۆلی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی ھەرێمی كوردستان رێوەرسمێك بۆ دەرچووانی یەكەم خولی زمانی توركی لە ھەولێر بەرێوەچوو. ئەمە یەكەمجارە بە پشتگیری وەزارەتی رۆشنبیری خولێكی زمانی توركی لە ھەولێر بەرێوەدەچێت و بڕیارە پاش ماوەیەكی دیكە دووەمین خولی ئەم زمانە لە یەكێك لە زانكۆكانی توركیا بەرێوەبچێت.
ھەروەھا لەو خولەدا ٢٤ كەس بەشدار بوون كە بڕوانامەی خولی یەكەمی زمان بە واژۆی وەزیری رۆشنبیری و لاوان بە ھەموویان درا.
بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و ھونەری توركمان لە وەزارەتی رۆشنبیری لاوان گیلان نەجمەدین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم خولە بۆ ماوەی دوو مانگ،نزیكەی ٥١ سەعات بەردەوام بوو و ئەوان فێری سەرەتاكانی زمانی توركی بووین و و بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا خولی دووەمیش دەكرێتەوە ئەوش لەوانەیە لە وڵاتی توركیا لە یەكێك لە زانكۆكانیان بەردەوام بێت".
ھەروەھا باسی لە ئامانجی ئەو خولە كرد و گوتی: "لە ھەرێمی كوردستان كۆمپانیا و رێكخراوی زۆری توركی لێرە ھەیە و ھەروھا لە ئێستادا خەڵكێكی زۆری توركیاش لێرە دەژین و ئێمە بە پێویست و گرنگ دەزانین كە ئەو خولانە بكرێنەوە تا كلتۆر و نەتەوەكانی ئێمە تێكەلی یەكتر بن".