ھەولێر
بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی ژووری بازرگانی ھەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند کە لە رۆژانی ١٠ تا ١٣ی حوزەیران پێشانگای نێودەوڵەت بۆ مۆبیلیات و دیکۆر و ئامێرە گەرم کەرەوە و ساردکەرەوەکان دەکرێتەوە.
ھەروەھا ٩٨ کۆمپانیا لە ١٤ وڵاتی عێراق، ئیران، تورکیا، میسر، ئیمارات، ئوردن، ئیتاڵیا، بریتانیا، بەلجیکا، سلووێنیا، چین، مالیزی، ھیند و ئەمریکا، بەشدار دەبن.
بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر عەبدوڵا ئەحمەد لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسیدا بۆ ئامادەبووانی راگەیاند "سێیەمین پیشانگای دیکۆر و مۆبیلیات و ئامێرەکانی ساردکەرەوە بە بەشداری ٩٨ کۆمپانیا لە ١٤ وڵات دەبێت لە ١٠ی ئەم مانگە دەکرێتەوە و تا ١٣ی مانگی حوزەیران بەردەوام دەبێت واتە بۆ ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێ و لە سێ ئێوارە تا ١٠ی شەو رۆژانە کراوە دەبێت".
هەر لەو بارەیەوە بەرپرسێکی ئەمنی لە پارێزگای ھەولێر عەمید خالید عەباس بۆ رۆژنامەنووسان گوتی "جێ شانازییە ھەرێمی کوردستان لە ئەمن و ئاسایشێکی تەواو دایە و وای کردووە کە زۆربەی وڵاتان بە بێ دوو دڵی کۆنسوڵخانەی خۆیان لە ھەولێر بکەنەوە و بووەتە جێی بازرگانی بۆ زۆر وڵاتی دیکەش".