ھەولێر
سەبارەت بە رووداوەکە لیوا عەبدولرەحمان کەورینی فەرماندەی ھێزی ھەڵگورد لە ناوچەکانی رەبیعەو سنون و دەوروبەری لە لێدوانێکی بۆ ئاژنسی ئانادۆڵو گوتی: "چەکدارانی داعش ناتوانن لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە شەڕ بکەن، بۆیە پەنا بۆ چاندنی بۆمب لەسەر رێگای کاروانی ھێزەکانی پێشمەرگە دەبەن."
کەورینی ھەروەھا گوتی: "چەندین جار ئەو بۆمبانە بەخەڵکی سیڤیلدا دەتەقێتەوە قوربانی لێدەکەوێتەوە، جگە لە رووداوەکەی ئەمرۆ رۆژی رابردوو تەقینەوەیەک بە ھێزەکانی پێشمەرگەدا تەقیەوە و چوار پێشمەرگە شەھید بوون ١٠ پێشمەرگەی دیکەشیان بریندار بوون ھەروەھا خێزانێکی سڤیل بەر ئامانجی تەقینەوەکە کەوتن."
کەورینی سەبارەت بە رووداوەکەی ئەمرۆ گوتی: "بۆمبێک بەکاروانی ھێزەکانی پێشمەرگە لە نێوان شارۆچکەی سنون و رەبیعەدا تەقیەوە و پێشمەرگەیەک شەھید و چواری دیکەش بریندار بوون رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ کران."
لە کۆاتایی لێدوانەکەیدا کەورینی گوتی: "ئەو جۆرە ھەوڵانە نابنە ھۆی ئەوەی کە ھێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە پاشەکشە بکەن و ھێزەکانی پێشمەرگە لە جاران زیاتر ورەیان بەرزترە و تەقینەوە و ھێرشی لەم شێوازە ترسنۆکیانە کاریگەری لەسەر پێشمەرگە نابێ."
نزیکەی دوو ھەفتەیە لەشەڕ نێوان چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام و سوپای عێراق بەردەوامە و لە دووەم رۆژی رووداوەکاندا چەکدارانی داعش چەندین ناوچەیان کۆنتڕرۆڵ کرد. لە سەرو ھەموویانەوە پارێزگای موسڵ کە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارانی داعشدایەو ژمارەیەکی زۆری سەربازانی سوپای عێراق کە پێکھاتووە لە چەند لیوایەک پاکشەیان کردو ھەندێ لەو ناوچانەیان بەبێ بەرگری رادەستی چەکدارانی داعش کرد. بەمەبەستی پاراستنی ناوچە کێشەلەرەکان ھێزەکانی پێشمەرگە لەسەر فەرمانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی ھێزەکانیان لە ناوچانە جێگیر کردو چەندن جار لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ھێرش دەکرێتە سەر ھیزەکانی پێشمەرگە و بەرپرچیان دەدرێتەوە.