ھەولێر
لە دیوانی وەزارەتی تەندروستی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ، رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان بەڕێوە چوو.
لەو رێورەسمەدا چەندین نیشانە و جورەکانی ماددە ھۆشبەرەکان خرانە روو، ھەروەھا باس لەوە کرا کە لە جیھان ١٨٠ ملیۆن کەس بە مادە ھۆشبەرەکان و زیاتر لە ١٤٠ ملیۆن کەس بە حەبی ووڕێنە و ھەلوەسە ئاڵوودەبوونە.
ھەروەھا بە پێ ئامارە جیھانییەکان کە لە مەراسیمەکە باس کرا، دوای نەوت و چەک، مادە ھۆشبەرەکان سێیەم بابەته کە بازرگانی گەورە پێوه دەکرێ. بە پێ ئاماری نەتەوە یەکگرتووکان، ساڵانە زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دۆلار لە سەر ئەو بابەتە خەرج دەکرێ.
لە رێورەسمەکە باس لەوە کرا کە لە ھەرێمی کوردستان ئاماری تایبەت بەم بابەتە زۆر بە دەگمەن بە دی دەکرێ، بەلام بە راشکاوانە توێژینەوە زانستییهكان لە ھەرێم بڵاوبوونەوەی ئەو مادانە رادەگەھێنن.
ھەروەھا لە بارەی مادە کحولییەکان کە دوا ئاماری بەردەست لە ڕووپێوی تەندروستی دەروونی عێراق بە ھاوکاری رێكخراوی WHO بە دەست ھاتووە، رێژەی سهدا ٠.٩ خراپ بەکارھێنانی ماددە کحولییەکان لە کوردستان ههیه.
لەو رێورەسمە لیوا عادل بۆتانی لە بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی مادە ھۆشبەرەکان بۆ پەیامنێران ئاشكرای كرد كه تا ئێستا لە ھەولێر و دھۆک ١٣٠ كهس لهسهر بهكارهێنان و بازرگانیكردن بهو مادانهوه سزادراون کە ٨١ بازرگان و ٤٩ بەکاربەرن، لە بازرگانان ٥١ یان بە رەگەز عێراقین و ٢٦یش بیانین. ھەروەھا لە بەکارھێنەران ٤٣ کورد و شهشیان بیانین. لە پارێزگای سلێمانیش ١٧٤ کەس لە سەر ئەو ماددانە سزادراون.
عادل بۆتانی ههروهها گوتی: "ئەو مادانەی کە دەست بە سەرکراون، چەندین جۆری جیاوازن. ھەرێمی کوردستان شوێنی گواستنهوه واتە وەک وێستگەیەک بۆ گواستنهوهی ماددە ھۆشبەرەکان بەکاردههێنرێ. ئهو مادانه زۆر بە کەمی لە ھەرێم بەکاردەهێنرێ و ئەو رێژهیهی له ههرێمی كوردستان دهمێنێتهوه بە غرام و کیلۆیه و ناگەتە تەن. لە ھەرێم تلیاكی سروشتی بەرەو کەمی دەروا، بەڵام بەداخەوە مادەکانی کیمیاوی بەرەو زیادبوونن كه زیاتر لهنێو قوتابیانی ئامادهیی و زانكۆ بهكاردهبرێ."
بۆتانی له بهردهوامی قسهكانیدا گوتی: "لە هیچ شوێنێكی ھەرێمی کوردستان تلیاك ناچێندرێ. تا ئێستا یەک تۆن مادهی هۆشبهر له ههرێم سوتێنراوه."
لە بارەی ئهو كهسانهی به تاوانی بهكارهێنان یان بازرگانیكردن به مادانهوه دهستگیر و زیندانی كراون، بۆتانی گوتی: "زندانیان زۆربەیان تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٤٥ ساڵە و ئاستی خوێندەوایان زۆر نزمە و لە سەدا ٩٥ ی ئەو خەڵکە لە دەرەوەی کوردستان فێری بهكارهێنانی ئهو مادانه بوونه."