سلێمانی
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان لە شاری سلێمانی گفتوگۆیەكی لەبارەی راپۆرتی لیژنەی داكۆكیكردن لە رۆژنامەنووسان CPJ بە ناونیشانی "رۆژنامەنووسانی كوردستان لە ژێر شاخێك تاوانی بێ سزادا" ئەنجامدا، كە ئەو رێكخراوە لە نیسانی رابردوو لە نیویۆرك بڵاوی كردەوە.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە كراوە، هەرێمی كوردستان دەكرێ دەربكەوێ بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام هەر كە گرژی سیاسی لەم هەر ێمە سەرهەڵ دەدا، راگەیاندكاران و رۆژنامەنووسان دەكەوتە ژێر مەترسی گەوەرەوە و بەر هێرشی كوشتن و سوتاندن دەبنەوە.
لە بەشێكی راپۆرتەكەدا ئاماژە بە پێشێلكاری و كەیسەكانی رۆژنامەنووسانی كوردستان كراوە و تیایدا هاتووە "لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا پێشێلكارییەكان و كەیسەكانی رۆژنامەنووسان تۆمار كراون، بەپێی ئەوەی تۆمار كراوە، لە ساڵی 2011دا، 359 هێرش كراوەتە سەر رۆژنامەنووسانی كوردستان."
راپۆرتەكەی ئەو رێكخراوە كۆمەڵێك راسپاردەی ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردەی پارتە سیاسییەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە، لەو راسپاردانەی پەیوەندی بە حكومەتەوە هەیە، داوا لە حكومەت دەكا بە قوڵی لێكۆڵینەوە لە هەموو ئەو هێرشانە بكا كە كراونەتە سەر رۆژنامەنووسان و تائێستا بە چارەسەر نەكراوی ماونەتەوە، هەروەها ئەنجامی لێكۆڵینەوەی كوشتنی رۆژنامەنووسان ئاشكرا بكا. لەگەڵ گرتنەبەری هەنگاو بۆ هەمواركردنەوەی یاسای رۆژنامەگەری.
لەو راسپاردەیەش كە ئاڕاستەی سەركردەی پارتە سیاسییەكان كراوە، داوایان لێدەكا بە ئاشكرا چاوپێكەوتنی رووبەڕوو قبوڵ بكەن و پاڵپشتی هیچ جۆرە توندوتیژییەكیش نەكەن.
داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكا بە پشت بەستن بە پلانی كاری نەتەوە یەكگرتووەكان لە بارەی رۆژنامەنووسان و پرسی سزانەدانی تاوانباران، دەبێ كار لەگەڵ حكومەتی هەرێم بكا بۆ باشتركردنی یاسا و میكانیزمی پاراستنی رۆژنامەنووسان و گەرەنتی ئازادی رادەربڕین و ئازادی زانیاری دابین بكا.