بەغدا
پەیامنێری رۆژنامەی "ئەلشەرق ئەلئەوسەت"ی لەندەنی لە بەغدای پایتەختی عێراق حەمزە مستەفا بە روانگەی ئازادییە رۆژنامەوانیەکانی عێراق راگەیاند، کە ھێزێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوێنێ سێشەممە گەیشتنە گەڕەکی بەتاویین لە ناوەڕاستی بەغدا و داوایان لەو بریکارەی رۆژنامەکە لە بەغدا چاپ و بڵاو دەکاتەوە، کرد دەستبەجێ کارەکەی رابگرێ، پاساویشیان ئەوە بوو مۆڵەتی یاساییان نییە بۆ درێژەدان بە چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو رۆژنامەیە، کە چاپخانەیەکی ناوخۆیی پێی ھەڵدەستێ.
روانگەی ئازادییە رۆژنامەوانیەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە دانەیەکی بە ئانادۆڵو گەیشتوە، داوای لە حکومەتی عێراقی کردوە بەپەلە روونکردنەوەیەک لەبارەی ئەو بڕیارەی دوێنێ رابگەیەنێ، لەبەرئەوەی بڕیارەکە مەترسی و دڵەڕاوکێ لەبارەی ئایندەی ئازادیی رۆژنامەگەری دروست دەکات و ئەوەیش بۆ دۆخی ھەرێمی و نێودەوڵەتیی عێراق لەبار نییە.
روانگەی ئازادیەکان لێدوانی بەڕێوەبەری پەیمانگای دەستووری لە عێراق عیماد ئەلخەفاجی گواستۆتەوە کە رەخنە لەو رەفتارە دەگرێ و بە ھەڵتەکاندنی سەرجەم ئەو رێوشوێنە ئەرێنیانەی داناوە کە پێشتر ھەبوون، لە رێگەدان بە کارکردنی زۆربەی کەناڵە ئاسمانی و رۆژنامە عەرەبیەکان لە عێراق.خەفاجی، کە میدیاکارێکی دیارە، داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراقی دەکا لەو جۆرە رەفتارانە پاشگەز ببنەوە، لەبەرئەوەی پێشێلکردنێکی زەقی مەرجەکانی کاری رۆژنامەوانی و ئازادیی راگەیاندن و مادەکانی دەستووری عێراقن.
روانگەی ئازادیەکان مەترسی خۆی پیشان داوە لەوەی ئەم ھەنگاوە ببێتە کارێکی رۆتینی و باقیی رۆژنامە و کەناڵەکانیتری راگەیاندنی ناوخۆیش بگرێتەوە.
دەستووری عێراقی مافی ئازادیی دەربڕین بەھەموو شێوازەکان و ئازادیی رۆژنامەگەری و چاپەمەنی و راگەیاندن و بڵاوکردنەوەی مسۆگەر کردوە.