ھەولێر
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی كانوونی دووەم لە ھۆتێل چوارچرا لە شاری ھەولێر رێكخراوە ناحكومیەكانی ھەرێمی كوردستان كۆنفرانسێكیان لە ژێر ناو نیشانی (فراوانبوونی بەشداری نەتەوە و ئایینەكان لە ھەرێمی كوردستان) رێكخرا كە تێیدا كۆبوونەوەی فراوان لەگەل سەرجەم نەتەوە و ئایینەكانی لە ھەرێمی كوردستان دەژین كران ئەمەش بە ئامانجی فراوانكردنی پێكەوە بوونیان بە یەكسانی و بێ جیاوازی.
نوێنەری عەشایری شەبەك لە كۆنفرانسەكەدا غەزوان محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە خوازیاری پێكەوە ژیانین و با ھەموو نەتەوە و ئایینەكان بەتایبەتی ئایینە جیاوازیەكانی ناو نەتەوەی كورد بە بێ دەمارگیری و ھەستی ئایینی وەك مڕۆڤ پێكەوە لە ئاشتی و ئارامی بژین. عەشایری شەبەك وەك ھەندێ نەتەوەكانی دیكە داوا دەكەن روڵیان لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەبێ."
غەزوان محەمەد لە بەردەوامی قسەكانیدا گوتی: "لە عێراق ٦٠ گوندمان ھەیە و ٣٥٠ تا ٤٠٠ ھەزار شەبەك لە عێراق دەژین و نێزیكەی ٢٠٠ خێزان لە سنووری ھەرێمی كوردستانن و ھەندێكیش لە سنووری ناوچە دابراوەكانن. تەمەنا دەكەین كەئەو ناوچانە بە زوترین كات بگەرێنەوە سەر ھەرێمی كوردستان."
سەرۆكی رێكخراوی داسن بۆ گەشەپێدان و ئاشتی و نۆێنەری عەشایری ئێزیدی دلشاد نەعمان فەرحان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "با كێشەكانی نێوان ئایین و نەتەوەكان لە ھەرێمی كوردستان و عێراق بە یەكرێزی و یەكتر قەبوولكردن چارەسەر بكرێن و ھەرچەندە ھەمیشە دەسەلاتداران بانگی ئاشتی و پێكەوە ژیان دەكەن، بەلام لە ناو خەڵك لاوازیەكی زۆری نەتەوەیی و ئایینی ھەیە. ماویەك بەر لە ئێستا لە شێخان مەلاكانی ئایینی جیھادیان بەرامبەر ئێزیدییەكان راگەیاند، خۆشبەختانە حكومەتی ھەرێمی كوردستان پارێزگاری لە ئێمە كرد، بەڵام ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە كۆمەڵگای ئێمە ئەوە قەبوول ناكا و پێویستی بە شۆڕشێكی عەقلی ھەیە و با چارەسەریەك بۆ فەتوای مەلاكانی ئایینی ئیسلام بكرێ و با لە سیستەمی پەروەردەیی بیر و بۆچوونی خەڵك ھەڵنەخەلەتێنن با فێری منداڵانمان بكەین كە رێز لە ئایینەكانی دیكەش بگرن و ئەوانەی كێشە لە نێوان ئایینەكان دروست دەكەن سزایەكی توند بدرێن."
رێكخەری پرۆژەی فراوان بوونی بەشداری نەتەوەكان و ئایینەكان لە ھەرێمی كوردستان نادیە كاكەیی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانج لەو كۆنفرانسە ئەوەیە زیاتر نەتەوە و ئایینەكانی جیاواز بەشداری لە كاروبارەكانی ھەرێمی كوردستان بكەن و یەكرێزی و یەكتر قەبووڵكردن لە نێوانمان ھەبێ. ئێمە بڕوامان وایە كە ھەرێمی كوردستان وەكو ھەرێمێكی ئارام بۆتە مۆڵگەی نەتەوە و ئایینەكانی دیكەی ناوچەكانی عێراق كە ژمارەیان زیاتر لە ١٠ ھەزار خێزانە و حكومەتی ھەرێم تا ئێستا بەرامبەر بە ھیچ نەتەوە و ئایینێك كەمتەرخەم نەبووە و ھیواداین كوردستان ببێتە ماڵی گەورەی ھەموو نەتەوە و ئایینێك."