ھەولێر
ئەمڕۆ ھەزاران پارچە گۆزە، سەدان پارچە شوێنەواری سەردەمی عوسمانی لەنێو قەڵای ھەولێر دۆزرانەوە. بەپێی پرۆژەیەکی پێنج ساڵی کە لە بەھاری ئەمساڵەوە دەستیپێکراوە، قەڵای ھەولێر نۆژەن و چاکدەکرێتەوە. لەڕێو رەسمێکدا بە ئامادەبوونی چەندین بەرپرسی حکومی و پسپۆڕانی شوێنەوارناسی لەسەر قەڵای ھەولێر، دۆزینەوەی شۆرایەکی کۆن راگەیەنرا.
د.عەبدوڵڵا خورشید، سەرۆکی لیژنەی ھەڵکۆڵینی شوێنەوار لە قەڵای ھەولێر گوتی: "ئەم شۆرایەی دۆزراوەتەوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی ١٧٠٠، تەمەنی زیاتر لە ٣٠٠ ساڵ دەبێ، ئەم شۆرایە ھی سەردەمی پێش فەرمانکردنی سوڵتان مەحمودی یەکەمی عوسمانییە کەتێیدا ھەر دوو قەڵای ھەولێر و کەرکوک چاککراونەتەوە لەساڵی ١٧٤٥."
د.عەبدوڵڵا لەبارەی شۆراکە وردەکاریی زۆرتری باسکرد، لە ھەر ١٠ مەترێک لە شۆراکە سێ جار چاککراوەتەوە بەھۆی باران و لافاو و ئەو شەڕانەی لەناوچەکە روویانداوە، بۆیە پێشبینی دەکەن پارچەو شوێنەواری گرنگتر بدۆزنەوە کاتێ پرۆژەکە دەبەنە چەقی قەڵا.
جۆن مەگەنێز، راوێژکاری شوێنەوار لە پرۆژەی ھەڵکۆڵینی قەڵای ھەولێر گوتی: "دەمانەوێ شوێنە کۆنەکانی نێو قەڵای ھەولێر بدۆزینەوە و ھێشتا کارەکانمان تەواو نەبوون، زۆر دڵخۆشین بە ئەنجامەکان، بۆ پاراستنی ئەو شۆرایەی دۆزراوەتەوە لە رووخان و تێکچوون وا بڕیارە کەپر و پێداویستیی دیکەی بۆ دابینکرێ."
مێژوووی قەڵای ھەولێر:
- شارەزایان دەڵێن بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان لە ھەزارەی یەکەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، بۆ پارێزگاریکردن لەھێرشی نەیاران دروستکراوە، - بەرزییەکەی ٢٦ مەتر لەسەر ئاستی شارەکە بڵند ترە، ١٠٢ ھەزار و ١٩٠ مەتر چوارگۆشەیە، ٤١٥ مەترە لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزە.
- بە بڕیاری رێکخراوی پەروەردەو کەلتورو زانست -یونسکۆ ی سەر بە UN بووەتە بەشێک لە کەلەپووری جیھانی، ساڵی ٢٠٠٧ دانیشتووانەکەی لەناو قەڵا دوورخرانەوە و دەستکرا بە کارەکانی نۆژەنکردنەوە چاککردنەوەی.