دهۆك
لە رێوڕەسمێكدا كە لە تەلاری دیوانی پارێزگای دهۆك بەڕێوە چوو، بەڕێوەبردنی دوو كەمپی ئاوارەکان لە دهۆك و زاخۆ رادەستی هەرێمی كوردستان كرا.
لە رێوڕەسمەكەدا پارێزگاری دهۆك فەرهاد ئەتروشی و كۆنسوڵی توركیا لە هەرێمی كوردستان محەمەد ئاكیف ئینام ئامادە بوون و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەو بارەیەوە دوان.
پارێزگای دهۆك وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ بەرپرسانی دەزگای ئافاد، رۆڵی حكوومەتی توركیای لە یارمەتیدانی ئاوارەكانی عێراق و سووریا كە لە هەرێمی كوردستاندان بەرز نرخاند و رایگەیاند، توركیا لە سەرەتای قەیرانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە یارمەتی هەرێمی داوە لە دابینكردنی پێداویستییەكانی ئاوارەکان.
دواتر كۆنسوڵی توركیا لە هەرێمی كوردستان محەمەد ئاكیف ئینام جەختی لەسەر بەردەوامی هاوكاری وڵاتەكەی بۆ پەنابەران كردەوە و رایگەیاند، خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی توركیا و هەرێمی كوردستانن، بە تایبەتی لە بواری مرۆیی.
كۆنسوڵی توركیا ئاشكراشی كرد كە تا ئێستا 600 بارهەڵگر پێداویستی رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە.
كەمپی ئاوارەکان لە زاخۆ دوازدە هەزار و 500 ئاوارە لەخۆ دەگرێت و كەمپی دهۆكیش توانای وەرگرتنی 20 هەزار ئاوارەی هەیە.
ئەو كەمپانە لە لایەن دەزگای ئافادی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیاوە دروستكراوە و ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا رادەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا.