هه‌ولێر / شوان سدیق
ئه‌منیداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان جه‌بار یاوه‌ر لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ره‌وشی ئاسایشی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شه‌ڕی چه‌كداریی له‌گه‌ڵ داعش خسته‌ڕوو.
ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه لە سه‌ره‌تای كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه باسی له‌وه كرد كه 60 وڵات هاوپه‌یمانن له دژی چه‌كدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە (داعش) و هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییان هه‌یه، له‌و وڵاتانه‌ش 10یان نوێنه‌رایه‌تییان له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا له‌نێو هاوپهیمانییهكن له دژی چه‌كدارانی داعش و به‌رده‌وام گفتوگۆ و دیدار له نێوان هه‌موو لایه‌نەکان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه میكانیزمه‌كان چۆنییه‌تی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دژی داعش تاوتوێ بکرێت.
سه‌باره‌ت به كۆنترۆڵ كردنی ئه‌و ناوچانه‌ی كه پێشتر داعشی تیادابوون و له ئێستادا به‌ده‌ست هێزه‌كانی پێشمهرگهوەیە، جه‌بار یاوه‌ر گوتی: "زۆربه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له چه‌كدارانی تیرۆریستی داعش پاکكراونهتهوه، له سنووری جه‌له‌ولاوه بگره هەتا مه‌خموور و گوێڕ".
جەبار یاوەر گوتیشی: "ئه‌و ناوچانه‌ی كه ئازاد نه‌كراون، ته‌نیا ماوه‌ته‌وه شنگال و چه‌ند شوێنێكی نزیك لە پارێزگای نه‌ینه‌وا، بێگومان پلان و بەرنامەی تایبەت بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی ئەو ناوچانه‌ش هه‌یە. هه‌ركاتێك له لایه‌ن به‌رپرسی هێزه‌کانی چه‌كداریی هه‌رێم به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی بڕیاری پێشڕه‌وی كردن ده‌ربچێت بۆ ئه‌و ناوچانه، پێشمه‌رگه له ئاماده‌باشی دایه".
جه‌بار یاوه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد کە چه‌كدارانی داعش توانای هێرشكردنیان نه‌ماوه و هه‌ر هه‌وڵێكیش بده‌ن پێشمه‌رگه تێكیان ده‌شكێنێت. هه‌روه‌ها گوتی: "له مانگی تشرینی دووەمدا داعش دووجار هێرشی كردووەته‌وه سه‌ر به‌نداوی موسڵ، له سنووری كه‌ركووكیش به تایبه‌تی ته‌لوه‌رد هێرشیان كردووەته سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و خۆشبه‌ختانه وه‌ڵامیان دراوه‌ته‌وه و تێکشكێنراون".
ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌و كۆنگره رۆژنامهوانییهکەدا باسی ره‌وشی كۆبانێی كرد و گوتی: "تا ئێستا دوو یه‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان گه‌یه‌نراونه‌ته ئه‌و شاره و گۆڕانكاریشیان تیادا كراوه. به‌پێی دواین زانیاری، پێش چوونی پێشمه‌رگه 30%ی كۆبانێ له‌ده‌ست یه‌په‌گه بوو، به‌ڵام له ئێستادا خۆشبه‌ختانه 70%ی كۆبانێ له لایه‌ن پێشمه‌رگه و یه‌په‌گه‌وە كۆنتڕۆڵ كراوه".
جه‌بار یاوه‌ر باسی له شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ به‌غدا و رایگه‌یاند "ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به پێشمه‌رگه‌وه هه‌یه زۆر بابه‌تی گرنگ باس كراوه، له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌ك تریلۆن و 200 ملیار دینار بۆ پێشمه‌رگه دانراوه، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه به‌شی هه‌موو خه‌رجی پێشمه‌رگه ناكات، چونكه به‌پێی خه‌مڵاندنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم، وه‌زاره‌ت، ئه‌مساڵ پێویستی به دوو تریلیۆن و 800 ملیار دینار ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستییه سه‌ربازیی و ئیدارییه‌كانی خۆی پێ پڕ بكاته‌وه".
هه‌روه‌ها گوتی: "حەفته‌ی داهاتوو بڕیاره شاندێكی سه‌ربازیی له وه‌زاره‌تی پێشمەرگه كه من و فه‌ریق شیروان دیدار له‌گه‌ڵ شاندێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ئه‌نجام بده‌ین له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی سه‌ربازیی و په‌یوه‌ندی نێوان وه‌زاره‌ته‌كانی پێشمه‌رگه و به‌رگری حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ".
له به‌شێكی دیکەی قسه‌كانی له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، جه‌بار یاوه‌ر باسی له راهێنانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه لە لایەن تورکیاوە کرد و گوتی: "له‌سه‌ر داوای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بووه، سوپای توركیا راهێنان به پێشمه‌رگه ده‌كات له سنووری سۆران، بێگومان توركیاش ئه‌ندامی ناتۆیه بۆیه به پێویستمان زانیوه راهێنان به پێشمه‌رگه بكه‌ن".