برۆكسڵ
بەپێی راگەیاندراوی ھاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەشدار لە ھاوپەیمانی دژی داعش بە فەرماندەیی ئەمریكا، كە لە برۆكسڵ كۆبوونەوە: "ئەنجامی هاوپەیمانییەكە لە دژی داعش لە ئاستی جیهانی بەرەبەرە دەردەكەوێ و پێشڕەوییەكانی ئەو رێكخراوە لە سووریا و عێراق راگیراوە".
وڵاتانی ئەندامی ھاوپەیمانی لە سەر پێویستیی پێكەوەبوون و ھاوبەشیی ئۆپەڕاسیۆنەكەی دژی داعش كە لەوانەیە كاتێكی زۆر بخایەنێ رێككەوتن.
لە راگەیاندراوەكەدا ھەندێك وڵاتانی ئەندامی ھاوپەیمانی ئاماژەیان بەوەكردووە تێكشكاندنی یەكجاریی داعش پێویستی بە ئۆپەڕاسیۆنەكانی وشكایی ھەیە و داوایان كرد كە زیاتر پشتگریی ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سووریا بكرێت، دژی رژێمی سووریا، داعش و بەرەی نوسڕە.لە راگەیاندراوەكەدا هاوپەیمانان سوپاسی میوانداری وڵاتانی عێراق، توركیا، لوبنان و ئوردن یان كردووە كە ئامێزیان بۆ پەنابەرانی سووریا كردووتەوە و ئاماژە بە پێویستی زیادكردنەوەی ھاوكارییە مرۆییەكان كراوە.
وڵاتانی ھاوپەیمان رێككەوتن كە لانی كەم شەش مانگ جارێك لە ئاستی وەزیرانی دەرەوە كۆببنەوە و ھەڵسەنگاندنەوەیەكی نوێ بۆ رەوشەكە بكەن.