سلێمانی
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی سلێمانی عوسمان مستەفا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەدوای سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوخۆی عێراق و هێرش و پەلامارەكانی چەكدارانی داعش و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان لە شارەكانی موسڵ و سەڵاحەددین و دیالە، ژوورێكی فریاكەوتنی كتوپڕیان بەسەر پەرشتی پارێزگار و ئەندامیەتی سەرجەم فەرمانگەكان پێكهێناوە."
پێشتریش پارێزگاری سلێمانی، كۆبونەوەیەكی بەپەلەی لەگەڵ بەڕێوەبەری سەرجەم فەرمانگەكانی شارەكەدا ئەنجامدابوو بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چۆنێتی پێشوازیكردنی ئەو خێزانانەی کە بەهۆی دۆخەكەوە لەپارێزگاكانی دیکەی عێراقەوە ئاوارەی سلێمانی دەبن.
لەماوەی هەفتەیەكدا سەدان خێزان هاتوونەتە شاری سلێمانی، هاتنی ئەو ئاوارانەش لە سێ سنورەوە بووە، ئەو سنورانەش بریتین لە :
ـ سنوری كەركوك ـ چەمچەماڵ (لە قەزای چەمچەماڵ تا ناحیەی بازیان) نیشتەجێ دەكرێن
ـ سنوری هەولێر ـ كۆیە (لە قەزای ڕانیەو قەڵادزێ) نیشتەجێ دەكرێن
ـ سنوری دیالە ـ خانەقین (لە سنوری گەرمیان) نیشتەجێ دەكرێن
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سلێمانی گوتی: "ئامادەكاری بۆ پێشوازیکردن لەو خێزانانە كراوە و جگە لەدابینكردنی كەمپ، دەرگای مزگەوت و خوێندنگەكانیش كراونەتەوە و ئەو خێزانانەشی تێدا نیشتەجێ دەكەن."
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سلێمانی ئەوەشی نەشاردەوە كە بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێم و هاوكارینەكردنی حكومەتی ناوەندییەوە توانای پێشوازی ئەو هەموو ئاوارانەیان نییە و گوتی: "پێویستمان بەهاوكاری بەپەلەی نێودەوڵەتییە، چونكە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە هاوكاری ناكرێن و هاوكاری حكومەتی هەرێمیش بەو شێوەیە نییە كە پێویست بێت."
عوسمان مستەفا زیاتر گوتی بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانی قەیران لەناو شاری سلێمانی و گراننەبوونی كرێی شوققەو خانوو و خواردەمەنی، ڕێگری لەهاتنی ڕاستەوخۆی ئاوارەكان دەكەن بۆ ناو شارەكە و هەوڵ دەدەن زیاتر لە قەزا و ناحیەكانی دەوروبەردا ئەو ئاوارانە نیشتەجێ بكرێن.
لەبارەی ژمارەی ئەو خێزانانەی لەماوەی ئەو هەفتەیەدا ئاوارەی سنوری پارێزگای سلێمانی بوون، عوسمان مستەفا گوتی: "تا ئێستا نزیكەی چوار هەزار خێزان گەیشتونەتە سنوری ئیدارەی گەرمیان، هەروەها هەزارو 200 خێزان گەیشتونەتە چەمچەماڵ و سەدان خێزانی تریش گەیشتونەتە ناو شاری سلێمانی."
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە لە ئێستا جگە لەو كەسانەی بەهۆی هێرشەكانی چەكدارانی داعشەوە ئاوارە بوون، هەزاران خێزانی تری ئاوارە لە شارەكەدا نیشتەجێن ئەوەش ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر گران بونی نرخی كرێی نیشتەجێبوون و كاڵاكانی تر كردووە.
بەپێی ئامارەكە نزیكەی 23 هەزار خێزانی ئاوارەی سوریا و ئێران، نزیكەی 11 هەزار خێزانی تر لە دوای جەنگی عێراق لە ساڵی 2003 لە شارەكانی ترەوە هاتوون، هەروەها لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە شەش هەزارو 564 خێزانی تر بەهۆی شەڕو پێكدادانەكانەوە لە پارێزگای ئەنبارەوە ئاوارەی سلێمانی بوون.