ھەولێر
بە پێ ئاماری بەرێوەبەرایتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرتان لە ھەرێمی کوردستان کە سەر بە وەزارەتی ناخۆیە، لە ساڵی ٢٠١٠ کۆی گشتی قوربانیانی توندوتیژی کوشتن ، خۆکوشتن ، سوتان ،خۆسوتان ،ئەشکەنجەدان، سکاڵا و دەستدرێژی سێکسی لە ھەرسێ پارێزگای ھەولێر،سلێمانی ودھوک و ناوچەی گەرمیان ٤٢٣٣ حالەت بووە.
ھەروەھا ساڵی ٢٠١١ لە ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و گەرمیان توندوتیژی تا رادیەک کەمبۆتەوە و گەیشتۆتە ٤٠٧٥ حاڵەت، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢ دیسانەوە رێژەی قوربانیان زیادیکردوەو گەیشتۆتە ٤٦٤٥ حاڵەت.
ھەر بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە ھەشت مانگی ساڵی ٢٠١٣ ، لەھەر سێ پارێزگای ھەولێر، دھۆک و سلێمانی و ناوچەی گەرمیان و راپەرین، ئەو رێژیە گەیشتۆتە ٣٦٦٥ حاڵەت.
ئەگەر ئاماری ھەشت مانگی ساڵی ٢٠١٣ بەسەر شێوەیەکی یەکسان دابەش بکرێ ئەوا ھەر مانگی ٤٥٨ حاڵەت تۆمارکراوە. گەر ئەم رێژەیەک بەسەر ١٢ مانگی ساڵدا دابەش بکرێ ئەوا دەگاتە ٥٤٩٧ حاڵەت، بەم پێیەش توندوتیژی لە ھەرێمی کوردستان زیادیکردووە
ئەندامی سەرکردایتی یەکگرتوی ئیسلامی و چالاکوانی بواری ئافرەتان شەمسە ئەحمەد بۆ AA گوتی: "لە کۆنفرانسی توندووتیژی دژی ئافرتان چەندین رێکخراوی مەدنی و وەزارەتەکانی ھەرێم ماوەی چەند رۆژێک باس لە لێکۆڵینەوە مەیدانیەکانی توندوتیژی دژی ئافرتان دەکەن. لە سێ رۆژی یەکەمی گفتوگۆکان ئاماژە بەوە کرا توندوتیژی دژی ئافرەتان لە ھەرێمی کوردستان زیادیکردووە و ھۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە دەرگای ئەو ولاتە بەڕووی ھەموو جیھاندا کراوەتەوە و کێشەکانی ئەوان کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە ھەبووە، ئەمە جگە لەوەی کە ھاتنی تەکنەلۆجیا بۆ ناو ماڵەکان کاریگەری خراپی لەسەر خیزان ھەبووە."
ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی بالایی کاروباری خانمان لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پەخشان زەنگەنە بۆ AA گوتی: "ھەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی توندووتیژی دژی ئافرەتان لە ھەرێمی کوردستان وەک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھەموو جیھان، بۆتە نەریتێکی ساڵانە و ئەو مەراسیمە تا رۆژی جیھانی مافی مرۆڤ بەردەوام دەبێ. ئێمە تەنیا لەمەراسیمەی شازدە رۆژە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرتان بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی کار ناکەین، بەڵکو ئەوە تەنیا بۆ پێشاندانی ئەو ھەڵمەتە یە بە ھەموو جیھان و بۆئەوەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بزانن ئێمە کاری جدی بۆ ئەو ھەڵمەتەدەکەین."
ھەروەھا گوتی: "بە پێی ئامارەکان لە ھەندێک شوێن توندوتژی دژی ئافرەتان کەمبۆتەوە و بەلام لە ھەندێ شوێن سکاڵای ژنان زیادیکردووە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ژنان بەرامبەر توندوتیژی بێ دەنگ نابن. ھەروەھا لە ھەندێ ناوچە حاڵەتی وەک تەڵاق وخۆکوشتن زیادیکردووە."
بەرێوەبەری گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە ھەرێمی کوردستان کوردو عومەر عەبدوڵا لە ھەڵمەتی شانزە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بۆ AA گوتی: "سەرجەم وەزارەت و رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و راگەیاندن و رۆژنامەوانان بەشداریان لەو مەراسیمە نشتیمانییەدا کردووە بۆئەوی ھەموومان بەیەکەوە کار بکەین زۆرترین پەیام لە بارەی توندوتیژی بگەینینە ھەرێمی کوردستان و ھەموو جیھان."
ھەروەھا گوتی: "ئێمە وەک وەزارەتی ناوخۆ ساڵانە بە رێکخستنی چەندین کۆڕ و سمینار و پیشاندانی کورتەفیلم بۆ ھۆشیارکردنەوەی خەڵک ئەنجام دەدەین و جیا لە وڵاتانی دیکە ئاماری ڕاستەقینەی ئەو توندوتیژییانە بڵاو دەکەینەوە بۆئەوەی سەرۆکایەتی حکومەت پلانی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی دابنی."
ھەروەھا بەرێوەبەری گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان گوتی: "لە ھەرێمی کوردستان ئافرەتان رووبەڕووی ھەموو جۆرەکانی توندوتیژی دەبنەوە حاڵەتەکانیش بەرەو زیادبوون دەڕوا و ئەوەی زۆر ئێمە نیگەران دەکا سوتاندنی ژنانە."
کوردۆ عەبدوڵا گوتی: "بەگشتی وەزارەتی ناوخۆ شەش بەڕێوەبەرایەتی لە ھەولێر و سلیمانی، دھوک، گەرمیان، راپەرین، سۆران و ٢٨ نوسینگە لە قەزاکانی ھەرێم کردۆتەوە نێزیکەی ١٠٥ ئەفسەری ئافرەت و پیاو لە ھەر یەک لەو نوسینگانە کار دەکەن و بەشی شارستانی و سەربازیمان ھەیە و رێژەی ژن لە بەشی شارستانی زۆرترە لە بەشی سەربازی و بە گشتی ھەزار و سەدو سی و حەوت کەس لەو بەڕێوەبەرایەتیە و نوسینگانە کار دەکەن."
ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان رێکدەخرێ و حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش پشتگیری و ھاوکاری ئەو ھەڵمەتە دەکا.