ھەولێر
لە كاتی بەشدارییكردنیان لە مەراسیمی ساڵڕۆژی ڕاپەرینی گەلی فەلەستین لە شاری ھەولێر، ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی و ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لیدوانیان بۆ AA دا.
سەرەتا ئەمینیداری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان محەمەد فەرەج گوتی: "لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان وتوومانە ئامادەین لە حکومەتێکی بنکە فراوان بەشداربین کە پرسی شەفافیەت و چاکسازیی لە بەرنامەیدا بێ."
ھەروەھا ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر بۆ AA گوتی: "لەگەڵ وەفدی پارتی و کاک نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوەی باشمان کردوە و قسەی خۆشمان بەراشکاوی کردووە، نەک وەک مەرج، بەڵام دەمانەوێ کابینەی ھەشت کابینەی شەفافیەت و خزمەتگوزاربێ، لە حاڵەتی شەخسی و حیزبی بێتە دەرەوە."
راشیگەیاند: ئەگەر ئەو پرەنسیپانەی پیشکەشیانکردووە لەلایەن لیژنەی ھەماھەنگی جێ بەجێ بکرێ، پێیان باشە بەشداریی حکومەتی نوێ بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد کە تا ئێستا ھیچ مەرجێکیان بۆ وەرگرتنی ھیچ وەزارەتێک نییە و ئەم پرسە لەلایەن لیژنەی ھاوبەش یەکلایی دەکرێـتەوە، بەڵام ئەگەر وەک جاران ھەیمەنەی حزب لە حکومەت ھەبێ و ناشەفافی بەردەوامبێ. تەنیا ئەگەر سێ وەزارەتیشیان پێ بدەن ئەوا ئەوانیش دەبنە بەشێک لەو حکومەتە، بۆیە باش نییە بەشداری لەو حکومەتەدا بکەن."
لەبارەی کۆبوونەوەی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆک و جێگری پارتی دیموکراتی کوردستان باپیر گوتی: "کارێکی باشە من چەندین جار گلەییم کردوە بۆچی لایەن و سەرکردەکان سەردانی یەکتری نەکەن، وتوومە بابچین لە نزیکەوە گقتوگۆ بکەین نەک لە راگەیاندن قسە لەسەر یەکتری بکەین."
ھەر لەوبارەیەوە ئەمینداری یەکگرتوو گوتی: "ئەم جۆرە سەردانانە دەبێ، چونکە ئێستا بەرەو قۆناغێکی نوێ دەچین کە ئەویش بەشداریکردنە لە حکومەتێکی بنکە فراوان."
سەبارەت بە سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا عەلی باپیر گوتی: "ھیچ زانیارییەکم نییە و ھەموو جۆرە پەیوەندیەکی ھەرێمی کودستان و وڵاتانی دراوسێم لا گرنگە. بەڵام پێم باشە ئەو پەیوەندیانە لەسەر بنەمای راوێژ و ھاوبەش بێ، من ناڵێم باپرس بەمن بکرێ، بەڵام ئەگەر بزانم کاک نێچیرڤان بۆچی سەردانی تورکیای کردووە، کارێکی خەراپ نییە."
سەبارەت بە لێژنەی ھەماھەنگی نێوان لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، عەلی باپیر گوتی: "پەیوەندی بەردەواممان ھەیە، بۆ بریارەکانیش ھەر لایەنێک بۆخۆی بریار دەدات."