کۆبانێ
شەڕی نێوان داعش و یەکینەکانی پاراستنی گەل لە نزیک کۆبانێ کە بە ھەزاران دانیشتووی ئەو شارە بەھۆی ھێرشەکانی داعشەوە ئاوارەبوونە، بەردەوامە.
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو لە نزیک گوندی بێژان لە نزیکەوە دیمەنی شەڕی نێوان چەکدارانی داعش و یەپەگەی تۆمارکرد.
یەپەگە سەرقاڵی بەرگریکردنە لە کۆبانێ لە بەرامبەر چەکدارانی داعش، کە چەند کیلۆمەترێک لە کۆبانێوە دوورن.
ئەندامانی یەپەگە ئاماژە بەوە دەکەن کە ھێزەکانی سوپای سوریای ئازادیش لە دژی داعش ھاوکاری یەپەگە دەکەن و لە دژی داعش بەرگری لە کۆبانێ دەکەن.
ئەندامانی یەپەگە ھەروەھا دەڵێن کە تا ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە نزیک کۆبانێ ھێرشیان نەکردووەتە سەر داعش، بۆیە داعش بە چەکی قورس بەوپەڕی توانای خۆیەوە بەردەوامە لە ھێرشکردنە سەر کۆبانێ.
لە بەرەکانی شەڕدا بینرا کە بەساڵاچووان و منداڵانیش چەکیان ھەڵگرتووە و شەڕی داعش دەکەن، ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو یەکێک لەو شەڕوانانە لە شەڕدا ھەردوو دەستی لەدەستدابوو، بەڵام بۆ خزمەتکردن بە ھاوڕێکانی لە پشتەوەی بەرەی شەڕدا هاوکاری ئەوانی دیکەی دەکرد.
ھێزەکانی یەپەگە ئەوە دەخەنەڕوو کە ھاوڕێ بریندارەکانیان لە رێگەی ئامبۆڵانسەوە رەوانەی تورکیا دەکەن و ئەو چەکدارانەی داعشیش کە دەکوژرێن، "ھیچ جۆرە بێرێزییەک بە جەنازەکانیان ناکرێ و لە چەند شوێنێکی دیاریکراودا دەخرێنە ژێر خاکەوە."
ماڵی خەڵک و خانەوادەی شەڕوانە کوژراوەکان لە کۆبانێ لە ئێستادا وەک ماڵی پرسەیە، باوکی کچێکی گەنجی ئەندامی یەپەگە کە کچەکەی لە شەڕی دژی داعش کوژراوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کچەکەم بۆ بەرگریکردن لە وڵات شەھیدبووە و من چەکی کچەکەم لە زەوی ناھێلێم و بۆ خۆم ھەڵیدەگرم و شەڕ دەکەم."
ئەو باوکە کە چەکی کچەکەی لە دەستیدایە و لەسەر جەنازەی کچەکەی فرمێسک دەڕژێنێ، گوتی: "کچەکەم بۆ کورد و بۆ کۆبانێ گیانی بەختکرد، بۆیە پێویستە دژی تیرۆریستە داگیرکەرەکان شەڕ بکەین."
لە کۆبانێ کە کارەبا لە رێگەی موەلێدەکانەوە دابیندەکرێ، گەورەترین کێشە کێشەی ئاوی خواردنەوەیە و لەم رۆژانەدا پێداویستی ئاوی خواردنەوە لە رێگەی تورکیاوە دابیندەکرێ.