كۆبانێ
دوێنێ ئێوارە شەممە چەكدارانی داعش بە شەش موشەك شاری كۆبانێی بۆردوومانكرد، لە ئاكام گەنجێكی 17 ساڵ كوژرا و هەشتی دیكەش برینداربوون و هاوکات بەرەبانی ئەمڕۆ یەكشەممە فرۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شوێن و پێگەی چەكدارانی داعشیان لە چوار دەوری شاری كۆبانێ بۆردوومان كرد.
بەپێی ئەوەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە شاری كۆبانێ رایگەیاندووە، دوێنێ ئێوارە شاری كۆبانێ لە سوریا كە هاوسنوورە لەگەڵ توركیا كەوتەبەر بۆردوومانی شەش موشەكی چەكدارانی داعش.
بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو سێ لەو شەش موشەكە لە چوار دەوری كۆبانێ كەوتۆتەخوارەوە و سێیەكەی دیكەش لە ناو كۆبانێ كەوتۆتەخوارەوە و لە ئاكامدا گەنجێكی تەمەن 17 ساڵ كوژراو هەشتی دیكە برینداربوون.
هەر بە هۆی كەوتنەخوارەوەی شەش موشەكەکە بۆ سەر كۆبانێ دوو ماڵ زیانیان بەرکەوت.
دوای هێرشەکە بریندارەكان گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە لە توركیا بۆ ئەوەی چارەسەری پزیشكیان بۆ بكرێ.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەشی ئاشكرا كرد، لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باشووری شاری كۆبانێ شەڕو پێكدانی سەخت لە نێوان یەكینەی پاراستنی گەل " یەپەكە " و چەكدارانی داعش بەردەوامە.
بەربەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە فرۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هێرشێكی ئاسمانییدا بە چڕی شوێن و پێگەی چەكدارانی رێكخراوی داعشیان لە گوندی مەرسمیل و عەلیشار و چوار دەورەی ئەیدقوی سەربە شاری كۆبانێیان بۆردوومانكرد، بەڵام هێشتا زیانە گیانی و ماددییەكان نەزانراوە.
لە 15ی ئەم مانگەوە چەكدارانی رێكخراوی داعش دەستیان بە هێرشی چەكداری بۆ سەر شاری كۆبانێ كردووە، بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی بكەن و بەو هۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە 150 هەزار دانیشتوی شارەكە ئاوارەی خاكی توركیا بوونە.