سلێمانى
پاش زیاتر لە چوار مانگ دەستگرتن بەسەر قەزاى شنگال دواجار هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە ئۆپەراسیۆنێکى چڕدا توانى قەزاکە كۆنترۆڵ بكاتەوە.
پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە لە شنگال ئاوارە ئێزدییەکانى دڵخۆش کردووە بەڵام هێشتا کاریگەریى لەدەستدانى کەسوکار و رۆڵەکانیان لەسەر ماوە و خەمەکەى نەڕەویوەتەوە.
کەمپى عەربەتى تایبەت بە ئاوارەکانی نێوخۆ لە سلێمانى زۆرینەى بۆ ئاوارەکانی ئێزدی تەرخان کراوە و لەوێدا کۆکراونەتەوە تا ئەوکاتەى ناوچەکانى خۆیان بە تەواوى ئازاد دەکرێت و لە مەترسى دوور دەخرێتەوە و دەیانگەڕێننەوە بۆ زێدى خۆیان.
بەڵام ئاوارەکان باس لەوە دەکەن ئازادکردنى شنگال دڵخۆشى کردوون بەڵام لە ئێستادا ناتوانن بگەڕێنەوە چونکە پارێزراو نییە و ترسیان هەیە جارێکى تریش بەهەمان شێوە تووشى ئاوارەیى و کۆمەڵکوژى ببنەوە.
عامر عومەر گەنجێکى تەمەن 21 ساڵى ئێزدى دانیشتووى نێو کەمپى عەربەت بوو، ئەو بۆ ئانادۆڵو دوا و دڵخۆشى خۆى دەربڕى بە رزگارکردنى شنگال و سوپاسى پێشمەرگەى کرد بەڵام گوتى: "ئەوەى بەسەر شنگال هات لەبیرى ئێمە نەچووەتەوە، فڕاندنى کچەکانمان هێشتا لە مێشکماندایە بەڵام سوپاسى پێشمەرگەش دەکەین بۆ ئەو سەرکەوتنە، داواکاریشین کچ و ژنەکانمان بۆ بگێڕێنەوە و ئێمەش بچینەوە بۆلایان".
ناوبراو لە درێژەدا گوتیشى: "لە بنەماڵەکەم 18 کەس کەوتنە دەست داعش هەتا ئێستاش هیچ هەواڵێکیان نازانین و نازانین تووشی چ بەسەرهاتێک بوون".
ئاماژەى بەوەشدا گوندەکەى ناوى تلبنادە و ئێستا بە تەواوى وێران کراوە و هێشتا ئازادیش نەکراوە و لە دەستى داعشدایە.
نایف حاجى گەنجێکى 24 ساڵەى ئێزدى بوو لە کەمپى عەربەت، ئەو هەرچەند خەڵکى گردعزێرى سەر بە قەزاى شنگال بوو و ئێزدى بوو بەڵام بە زاراوەى سۆرانى دوا و لە ماوەى ژیانى لە سلێمانى بەباشى خۆى فێرى سۆرانى کردبوو، ئەو باسى لەوە کرد ناوچەکەى ئەو تیایدا دەژیا هێشتا لە دەستى داعشە و ئازاد نەکراوە.
نایف دەربارەى گەڕانەوەیان بۆ زێدى خۆیان گوتى: "مەحاڵە یەکسەر بگەڕێینەوە ئێمە مەرجمان هەیە بۆ گەڕانەوە چونکە ئەمە یەکەم جار نیە ئێزدییەکان تووشى کۆمەڵکوژى دەبن ئەمەى ئەم جارە بەسەرمان هات لە مێژوودا بۆ جارى 74ەمین جارە کە ئێزدییەکان ڕووبەڕووى توندوتیژى دەبنەوە، ئێمە مەرجمان ئەوەیە بۆ گەڕانەوە دەبێت بپارێزرێین و پاسەوانى نێودەوڵەتیمان بۆ دابنرێت.
ئەگەر ئەوەمان بۆ بکرێت بە دڵنیایى و بە خۆشحاڵییەوە دەگەڕێینەوە شوێنى خۆمان بەڵام ئەگینا دڵنیام کۆمەڵکوژى و جینۆسایدى سەر ئێزدییەکان بەردەوام دەبێت و بە 74 جارەوە ناوەستێت".
نایف باسى لەوە کرد لە ناوچەکەى ئەواندا لە بنەماڵە و ناسیاوەکانى نزیکى 100 کەس کەوتوونەتە دەست داعش لە کچ و ژن و منداڵ و پیاو، گوتیشى: "هیچ هەواڵێکى روونیان نییە تەنها ئەوە نەبێت هەفتەى پێشوو پەیوەندییەکمان بۆ هات گوتیان داعش ئەو کەسانە ئازاد دەکات بەڵام بۆ هە نەفەرێک بڕى 10،000دۆلارى دەوێت ئێمەش کە هەڵهاتین کەسمان هیچی نەهێنا لەگەڵ خۆی و ئەو پارەیەمان لە کوێ بوو، روومان کردە بەرپرسەکان بۆ ئەوەى ئەو پارەیەمان بدەنێ بەڵام هیچمان دەسنەکەوت".
نایف باسى لە هاوڕێیەکى منداڵى کرد کە داعش کوشتوویانە و گوتى: "15 ساڵ بوو هاوڕێ بووین بەڵام بەداخەوە بۆ ئەوەى خوشکەکانى نەکەونە دەست داعش نەیتوانى بەخێرایى هەڵبێت بۆیە داعش دەستگیریان کرد دواتر خۆیان کوشت و خوشکەکانیشى چارەنووسیان نازانم کە ئەوە رووداوێک بوو بۆ من لەبیر ناکرێت".
مەیاس حەسەن خاتوونێکى ئێزدى تەمەن 35 ساڵ بوو ئەویش دانیشتووى نێو کەمپى عەربەت بوو مەیاس بۆ ئانادۆڵو دواو گوتى: "ئێمە خەڵکى دەرەوەى قەزاى شنگالین خەڵکى گژزەرێکین لە گوندەکەى ئێمە چوارکەس کەوتنە دەستى داعش کە نازانین چیان لێ هاتووە و چارەنووسیان چییە. ئێمە دڵخۆشین بەوەى پێشمەرگە پێشڕەویان کردووە و بەشێکى زۆرى شنگالیان ئازاد کردووە بەڵام لەبەر ئەو زاڵمانە ئێمە ناوێرین بگەڕێینەوە، ئێمە حەز دەکەین بچینەوە سەر موڵک و ماڵى خۆمان بەڵام دەترسین جارێکى تر بێینەوە سەر ماڵى ئێمە بۆیە ناوێرم منداڵەکانم بەرمەوە بۆ ئەوێ تا دڵنیا نەبین کە دەمان پارێزن".
بەسمە زورو کچێکى 15 ساڵى ئێزدییە و دەڵێت: "دوو کچى هاوڕێم کەوتنە دەست تیرۆریستانى داعش کە خەڵک رایان کرد ئەوان بەجێمان لە ماڵەوەیان و دوایى کەوتنە دەست داعش، یەکێک لەو کچانە رزگارى بوو کاتێک شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و داعش روویدا ئەو کچەى هاوڕێى من لەگەڵ سێ کچى تر لە ماڵێکدا بوون و ڕزگاریان بوو بەڵام هاوڕێکەى ترم نازانم چى لێهات و چارەنووسى چییە".
بەسمەش هیواى خواست بگەڕێتەوە بۆ گوندەکەى خۆیان و جارێکى تر لە زێدى خۆیان دەست بە ژیان بکەنەوە.
چەکدارانى داعش پێشتر زانیاریان پێگەیشتبوو کە پێشمەرگە پلانى هێرشکردنى شنگالى داناوە بۆیە دوو رۆژ بەر لە ئازادکردنى شنگال کەرەستە و کەلوپەلى نێو ماڵەکانى شنگالیان بردووە بەرەو سووریا.
غارزى قاسم ئاوارەیەکى ئێزدییە و لە کەمپى عەربەت دەژى ئەو باسى لەوەکرد کە داعش هەموو کەرەستەکانى ماڵەکەیانی دزیوە.
غازى گوتى: "لە شنگال دراوسێیەکى سوننەم هەیە کە ئێمە هەڵهاتین ئەوان لەوێ مانەوە ئەو پێش دوو رۆژ لە ئازادکردنى شنگال گوتى کەرەستەکانى ماڵەکەت هەمووى وەک خۆى ماوە بەڵام ئێستا چەکدرانى داعش بارى دەکەن و دەیبەن بۆ سووریا".
ناوبراو لە درێژەدا گوتى: "ئێستا عەرەبە سوننەکانى نێو شنگال هەمووى هەڵهاتوون و لەترسان شەنگالیان چۆڵ کردووە و کەسى تیا نەماوە".
ئەمیش هیواى خواست بگەڕێتەوە بۆ شەنگال بەڵام گوتى: "ئێستا گونجاو نییە و بارودۆخی نێوخۆی شنگال خراپە".