ئورفا
نزیکەی چوار مانگە ئیزدییەکانی قەزای شنگال و سنوورەکانی دەورووبەری دوای ھێرشی چەکدارانی داعش کە ژمارەیان نزیکەی ٤ ھەزار دەبێت روویان لە کامپەکانی شارۆچکەی ویرانشھیری سەر بە پارێزگای ئورفا کرد کە لەگەڵ سەختی رەوشیان درێژە بە ژیانیان دەدەن.
ئێزدییەکان لە چیاکانی شنگال بەھۆی ھێرشی داعش و برسێتی و سەرما رووبەڕووی مردن بوونەوە، لەگەڵ ھاتنی وەرزی سەرما لەژێر چادری کامپەکاندا لە رەوشێکی سەختدا دەژین و لە چاوەڕوانی دەرکردنی چەکدارانی تیرۆریستی داعشن لە قەزای شنگال تا بتوانن بگەڕێنەوە ماڵ و ژیانی خۆیان.
پەنابەری ئێزدیی غەزال حوسێن لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە ئاواتی گەڕانەوە بۆ شنگال کرد.
غەزال گوتی: "دەمانەوێت بگەڕێینەوە وڵاتەکەمان، دوای ئەوەی دڵنیا دەبین لە پاراستنی گیانمان".
غەزال ئاماژەی بە ھێرشەکانی ھێزی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان بۆ سەر چەکدارانی داعش لە قەزای شنگال و دەورووبەری کرد و گوتی: "کوڕەکەم لە ئێستادا دژی داعش دەجەنگێ، دەمانەوێت رێکخراوی تیرۆریستی لە ناوچەکە نەمێنێت، ھەواڵی شکانی داعشمان پێ دەگات کە پێشتر گەمارۆی خەڵکەکەی لە شاخ دابوو".
پەنابەرانی ئێزدی ھەرچەندە دڵخۆشی خۆیان لە تورکیا دەردەبڕی، بەڵام بیری وڵاتەکەیان دەکەن و لە کامپەکانەوە بەگرنگییەوە دەڕواننە گۆڕانکاری پێکدادانەکانی جەنگی دژی داعش لە عێراق، بەتایبەتی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی سنووری شنگال.