رۆما
لە دواین یاری خولی تۆپی پێی ئیتاڵیادا شەوی رابردوو یانەی یوڤانتوس رووبەڕووی یانەی ناپۆلی بووەوە، یارییەكە بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە سوودی یانەی یوڤانتوس كۆتایی پێھات و دوای یارییەكە یانەی یوڤانتوس جامەكەی بەرز كردەوە.
یارییەكە لە یاریگەی یوڤانتوس لە شاری تۆرینۆ بەڕێوەچوو. بە لەبەر چاوگرتنی یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگ راھێنەری یانەكە یاریزانانی یەدەگەی لە یاریی شەوی رابردوودا یاری پێكرد. لە خولەكی 13دا یاریزان رۆبێرتۆ پیرییڕا گۆڵی یەكەمی بۆ یوڤانتوس تۆماركرد.
لە خولەكی 50دا یانەی ناپۆلی لەڕێگەی یاریزان دێڤد لۆپێز گۆڵی بەرامبەر و یەكسانی تۆماركرد. لە خولەكی 77 ستیفانۆ ستورارۆ دووبارە یوڤانتوسی پێشخستەوە. دواجار سیمیۆنێ پیپی بە لێدانی سزا گۆڵی سێیەم و كۆتایی بۆ یانەی یوڤانتوس تۆماركرد.
بەو ئەنجامەش یانەی یوڤانتوس كۆی خاڵەكانی بۆ 86 خاڵ بەرز كردەوە، ناپۆلیش لە 63 خاڵ مایەوە چانسی بۆ بەشداری كردن لە چامپیۆنزلیگ كەم بووەوە.
دوای یارییەكە لە نێوەڕاستی یاریگاكە رێوڕەسمی بەرزكردنەوەی جام بەڕێوەچوو، ئەگەر چی یانەی یوڤانتوس چەند ھەفتە لەمەوبەر پاڵەوانیێتی لە خولەكە راگەیاندبوو بەڵام شەو ی رابردوو دوای یاری ناپۆلی جامەكەیان بەرز كردەوە. یاریزانانی یوڤانتوس بە بۆنەی پاڵەوانبوونیانەوە ئاھەنگیان گێڕا.