مەدرید
دوای 17 وەرز یاری كردن لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانیدا شەوی رابردوو دوای یاری كۆتایی ئەم وەرزەی خولی لالیگەی ئیسپانیا چاڤی ماڵئاوایی لە یانەكە و ھاندەرانی كرد.
دوای یارییەكانی كۆتایی شای ئیسپانیا و خولی چامپیۆنزلیگ جاڤی بە تەواوەتی لە یانەی بەرشەلۆنە جیا دەبێتەوە و دەچێتە یانەی سەدی قەتەری. شەوی رابردوو دوای یاری بەرشەلۆنە و دیپەرتیڤۆ یانەكە ئاھەنگی پاڵەوانبوونیان لە خولی لالیگە گێڕا. لە ئاھەنگەكەدا چاڤی لەلایەك دڵخۆش بوو و لەلایەكی دیكەش دڵگران بوو بە رۆشتنی لە یانەكە.
جاڤی دوێنێ وەكو كاپتنی یانەكە جامی لالیگەی بەرز كردەوە و وتارێكی پێشكەش كرد. لە وتارەكەیدا جاڤی گوتی: "زۆر سوپاسی ھەموو لایەك دەكەم، ئێوە منتان كردە دڵخۆشترین مرۆڤی جیھان. ئێستا و لە ماوەی 17 وەرزەدا باشترین یانەی جیھانین".
لە كاتی قسەكانیدا جاڤی گریا بۆ ماوەیەك ھاندەران بە چەپڵە قسەكەیان پێ بڕی دواتر بەردەوم بوو گوتی:" قسەكانم تەواو نەبووە، ئێمە جامی شا و چامپیۆنزلیگیشمان دەوێت. ماوەی 15 رۆژی دیكەش لێرەم و چاوەڕوانی ئێوە دەكەم. بژی بەرشە بژی كەتەلۆنیا".
جاڤی ھاوكات سوپاسی بێپایانی خۆی ئاراستەی خانەوادەكەی كرد كە زۆر پشتگیریان لێكردووە.